کوردانی دیاسپۆرا رێکخراوتر لەجاران دژی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپێشاندانیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە کەشێکی بەفرین و پلەی گەرمای ژێر سفردا، کوردانی نیشتەجێی پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا خۆپێشاندانیان دژی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد.
لە شاری هامبۆرگ، سەدان کورد بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، پەیامی ناڕازیبوونیان بە کۆنسوڵگەریی ئێران گەیاند. هەروەها لە شاری دۆسڵدۆرفی رۆژئاوای ئەڵمانیا، بە دڵێکی گەرم و هەستی خەمگینەوە بە بەرزکردنەوەی وێنەی ژینا و باوکی، کوردستانییان لەبەردەم کۆنسوڵگەریی ئەمریکا گردبوونەوە.
شێخ کاوە، هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی ئەڵمانیایە، بە رووداوی گوت "لەم گردبوونەوەیەدا دەمانەوێت بە رای گشتیی ئەڵمانیا بڵێین ئێمە میلەتێکی ئاشتیخوازین، میللەتێکین هەوڵی سەقامگیری دەدەین لە ناوچەکەدا، بەڵام بەداخەوە دەبینە جێگەی هێرشی ناڕەوای چواردەوری خۆمان، بەتایبەتی ئەو رژێمانەی دژ بە کوردن."
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی سەرحەد غەفووری لە دۆسڵدۆرفەوە دەڵێ "ئەمڕۆ لەبەردەم کۆنسوڵگەریی ئەمریکاین لە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی پێیان بڵێین 'ئێمە، ستەممان لێ دەکرێت" داوایان لێدەکەین مافی ئێمە بپارێزرێت، ئێمە میلەتێکین داوای مافی خۆمان دەکەین، جگە لە مافی خۆمان، مەترسیمان بۆ سەر هیچ کەسێک نییە."
هاونیشتمانییەکی دیکەی بەتەمەن بەناوی د. حیکمەت ئاغا شکاکی بە جۆشوخرۆشەوە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "دەمانەوێت میلەتی ئێمە ژێردەستە نەمێنێت، لە هەرکوێ بخوازن، ئێمە قوربانی کوردانین لە هەر چوار پارچەی کوردستان."
لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانمارکیش کوردستانییان رێگەی باڵیۆزخانەی ئێرانیان گرت، دەنگی توڕەیی و ئیدانەکردنیان لەدژی هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر لە 15ـی ئەم مانگە بەرزکردەوە.
لەنێو خۆپێشاندەران هەندێکیان گەنجن کە هەر لە ئەوروپا لەدایکبوون، دەخوازن ئەو شوێنانەی ئەوان لێی گەورەبوون، پاڵپشتی وڵاتی باوباپیرانیان بن.
کچێکی بەشدار لە خۆپێشاندانەکەی دانمارک دەڵێ "بەپێویستی دەزانین گەنجانی کورد بەشدار بن لەو خۆپێشاندانانە، بۆ ئەوەی خەڵکانی دەوروبەرمان ئاگاداری رووداوەکانی کوردستان بن. ئێمە، دەمانەوێت خەڵک تێبگات لەوەی کورد ستەمی لێ دەکرێت."
گەنجێکی دیکە دەڵێ "داوا لە هەموو کوردێک دەکەم، هەڵوێستی لەدژی ئەو کردەوە تیرۆرستییانە هەبێت، بەتایبەت ئەوانەی سەر شاری هەولێر."
لەنێو خۆپێشاندەران ئەو کوردانەش هەبوون کە زیاتر لە 40 بۆ 50 ساڵە لە دەرەوە دەژین، سەبارەت بەو پرسیارە "ئایا کوردانی دیاسپۆرا باش خۆیان رێکخستووە؟" سەرۆکی پێشووی پارتێکی باکووری کوردستان کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، وەڵامدەداتەوە و دەڵێ "پێویستە کورد باشتر بێت."
مەسعوود تەک، سەرۆکی پێشووی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بە رووداوی گوت "دەبێت ئێمە دکتۆر، ئەندازیار و نووسەری پایەبڵندمان هەبن، بۆ ئەوەی نیشانی بدەین؛ کورد نەک تەنیا میلەتێکە کە دەتوانێت لە چیا شەڕ بکات، بەڵکو دەتوانێت خزمەت بە مەدەنیەت و پێشکەوتنی مرۆڤایەتییش بکات."
دیاسپۆرای کوردی بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمێک رێکخراوتر دەبینرێت و، هەوڵدەدەن بە کارەکانیان بۆ رای گشتی وڵاتەکانی لێی نیشتەجێن، دەریبخەن ئەوان بەشێکن لەو میلەتەی بەناچاری نیشتمانی خۆیان جێهێشتووە و بوونەتە بەشێک لەو وڵاتانە.