حکومەتی قوبرس 222 وڵاتینامە لە خەڵک وەردەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی قوبرس رایگەیاند کە 222 وڵاتینامەی لە خەڵک وەرگرتووەتەوە و 63 کەسیان وەبەرهێنەر و سەرمایەدارن، 159 کەس ئەندامانی ماڵباتی ئەو سەرمایەدارانەن [واتە منداڵەکانیان و هاوژینەکانیان یانیش دایک و باوکیان] وڵاتینامەیان هەبووە و لێیان وەرگیراوەتەوە.
جاران قوبرس پرۆگرامێکی هەبوو و رێگەی دەدا کە هەرکەسێک 2 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ بێنێتە ئەو وڵاتە، بە کڕینی موڵک یان هەر هۆکارێکی دیکە، وڵاتینامە بداتە وەبەرهێنەرەکە و هەموو ماڵباتەکەی.
شەش هەزار و 779 کەس بەو پرۆگرامە بوونە هاووڵاتیی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام رەخنەی زۆر هەبوو لەسەر پرۆگرامەکە و دەگوترا بەوهۆیەوە پارە سپی دەکرێتەوە. بۆیە حکومەتی قوبرس چاوی پێدا خشاندووەتەوە و دەستی بە وەرگرتنەوەی وەڵاتینامەکان کردووە.