بلووسکای چییە و بۆچی ملیۆنان کەس رووی تێدەکەن؟
رووداو دیجیتاڵ
بلووسکای پلاتفۆرمێکی سۆشیاڵ میدیای هاوشێوەی تویتەرە. لەم چەند هەفتەی دواییدا بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا بەشێوەیەکی بەرچاو ئێکس (تویتەر)ـەکەی ئیلۆن مەسک بەجێدەهێڵن و روو لەو پلاتفۆرمە دەکەن.
بلووسکای سەرەتا وەک بەشێک لە تویتەر لە ساڵی 2019 دامەزراوە و لەلایەن جاک دۆرسی، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای تویتەرەوە پاڵپشتی کراوە.
لە ساڵی 2021 جەی گرابەر بووە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆرمەکە، دۆرسی لە مانگی ئایاردا لە دەستەی کارگێڕیی پلاتفۆرمەکە کشایەوە. ماڵپەڕەکە سەرەتا تەنیا بۆ بانگهێشتکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان کراوەبوو، بەڵام لە مانگی شوباتدا بەڕووی خەڵکیدا کرایەوە.
بلووسکای بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە یەک ملیۆن بەکارهێنەری زیاد کردووە، چونکە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمی ئێکسی ئیلۆن مەسک بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێن.
چەندین ئەکادیمیست، رۆژنامە، رۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و کەسایەتییە نێودارەکانی جیهان هەژماریان لەو پلاتفۆرمە کردووەتەوە. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی ئیلۆن مەسک لە یاساکانی ئەو پلاتفۆڕمەدا دەیکات.
ئیلۆن مەسک لە ساڵی 2022 تویتەری کڕی و جگە لە گۆڕینی ناوەکەی بۆ X و گۆڕینی لۆگۆکەی، چەندین گۆڕانکاریی دیکەی لە پلاتفۆرمەکە دا کرد. لەوانە، لە چۆنیەتیی مامەڵکردن لەگەڵ ناوەڕۆک و سنووردارکردنی ئەو شتانەی بڵاودەکرێنەوە.
دوای ئەوەی مەسک رایگەیاند، کە هەژمارە بلۆککراوەکان دەتوانن پۆستە گشتییەکانی ئەو بەکارهێنەرە ببینن کە بلۆکی کردوون، لە یەک رۆژدا 500 هەزار کەس روویان کردە بلووسکای.
کۆمپانیای بلووسکای رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند کە کۆی بەکارهێنەرانی بۆ 15 ملیۆن بەکارهێنەر بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر دا نزیکەی 13 ملیۆن بەکارهێنەر بووە و پێش دوو رۆژ رایگەیاند، ژمارەی بەکارهێنەرانی گەیشتووەتە 18 ملیۆن بەکارهێنەر.
زیادبوونی بەکارهێنەرانی بلووسکای لە کاتێکدایە کە چەندین بەکارهێنەری ئێکس (تویتەری پێشوو) رایانگەیاندووە کە پلاتفۆرمەکە بەجێدەهێڵن.
پلاتفۆرمەکە لە لاپەڕەی کۆمەڵایەتیی خۆیدا دەڵێت: "بلووسکای تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی کراوەیە و ئازادی بە بەکارهێنەران دەدات، پەرەپێدەران ئازادیی دروستکردنی نێوەڕۆکیان هەیە." هاوکات، لە پێناسەی خۆیدا دەڵێت: "سۆشیاڵ میدیا بەو جۆرەی کە دەبێت هەبێت."
بلووسکای تا رادەیەکی زۆر لە X دەچێت. ئەو هەژمارانە دێنە نێو فیدەکەت لەگەڵ ئەوانەی لە بەشی "discover feed" هەن کە مژاری گەرمی رۆژەکەت بەرچاو دەخەن.
سەرەڕای گەشەسەندنی کۆمپانیای بلووسکای، لە رۆژی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دا رێژەی ناوتۆمارکردن لە ئێکس 15.5٪ بەرزبووەوە و تەنیا لەو رۆژە دا 942 ملیۆن پۆست لە پلاتفۆرمەکە دا کراوە.