ئەندامێکی داعش لە دانیمارک سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی دانیمارکی بە تۆمەتی چوونە نێو ریزەکانی داعش لە سووریا و پاڵپشتیکردنی جموجووڵەکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە، بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزادەدرێت.
رۆژی هەینی 18ـی تشرینی دووەمی 2022 دادگاییکردنی ژنەکە بەڕێوەچوو و تراین شجیات فۆگ، داواکاری گشتیی دانیمارک پێی گوت:"تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی چالاک بەشداریت لە شەڕەکاندا نەکردبێت، دڵنیاین کە توانیوتە بە کڕینی شتومەک لە مارکێتەکانیان، چاودێریکردنی منداڵەکانیان و بوون بە ژنە ماڵەوە پاڵپشتیی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکەت کردووە".
لەکاتی دادگاییکردنی ژنەکەدا، کە دایکی پێنج منداڵە، دادوەر گوتی، ژنان بەشێکی سەرەکیی لە رێکخراوی داعش پێکدەهێنن.
ژنەکە، کە دانی بە تۆمەتەکاندا ناوە، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی داواکاری گشتیی دانیمارک بە تۆمەتی "پاڵپشتیکردنی جموجووڵەکانی داعش، بەدیاریکراوی بە بوونی ژنی ماڵەوە و ژنی چەکدارێکی داعش" دادگاییکراوە.
هاوکات، تاوانی چوونە نێو ریزەکانی داعش و مانەوە لە رەققە و دێرەزووری سووریا بەسەر ئەو ژنەدا ساخبووەوە.
مێت گیس ستەیج، پارێزەری ژنە داعشەکە، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ژنەکە کە دانیشتووی رۆژئاوای دانیمارکە، پێش 8 ساڵ چووەتە سووریا و گوتیشی: "زۆر پەشیمانە لە ئەو گەشتە".
پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەشکرد کە "چەند ساڵی رابردوو بۆ ئەو قورس بوون. سەرەتا لەنێو خەلافەت و دواتر لە کامپ و ئێستاش لە زینداندا. ئەو بیری منداڵەکانی دەکات و چاوەڕێی کۆتاییهاتنی کەیسەکەی دەکات".
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 دانیمارک سێ ژن و 14 منداڵی لە کامپی رۆژی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە وڵاتەکە. هەرسێ ژنەکە لەگەڵ گەیشتنیان بە دانیمارک دەستبەسەرکران و لەو کاتەوە لە گرتووخانەدان و لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم دادگاییکرنەش، هێشتا دوو ژنی دیکە ماون و دادگایی نەکراون.