نەتەوە یەکگرتووەکان: خەڵک و هەسارەکەشمان بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕەوە دەناڵێنن
رووداو دیجیتاڵ
قووڵبوونەوەی شەڕ و ناکۆکییەکان لە جیهان، کاریگەریی قورسیان لەسەر خەڵک بە گشتی و هەسارەی زەویش هەبووە.
ڤۆڵکێر تورک، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 56ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، راپۆرتێکی دوورودرێژی لەبارەی دۆخی جیهان پێشکێش کرد. شەڕ و ململانێ و هەژاری و گۆڕانی کەشوهەوا ئەو کێشە گەورانەن، کە مرۆڤایەتی بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
داتاکانی راپۆرتەکەی کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمانەن:
لە ساڵی 2023ـدا ژمارەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل بەهۆی ململانێی چەکداری لە جیهان بە رێژەی 72% زیادی کردووە.
رێژەی کوژراوانی ژنان لە هەمان ساڵدا دووهێندە زیادی کردووە، واتە 100٪، منداڵانیش لەسەدا 300٪.
بەپێی ئامارەکانی یونیسکۆ، 72 رۆژنامەنووس کوژراون، کە زۆربەیان بەهۆی شەڕەوە کوژراون. هەروەها لانیکەم 42 بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە 11 وڵاتدا کوژراون.
شەڕی چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە
لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 120 هەزار کەس لە شەڕی غەززە کوژراون و بریندار بوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. هەروەها له سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر له ملیۆنێک فەلەستینی بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی زۆر قورس بووه.
پڕیشکی شەڕی غەززە لە لوبنان
بەهۆی شەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیلەوە، 401 کەس لە لوبنان کوژراون و 90 هەزار کەسیش ئاوارە بوون. لە لایەنی ئیسرائیلیشەوە زیاتر لە 60 هەزار کەس ئاوارە بوون و، 25 ئیسرائیلی کوژراون.
دۆخی ئۆکراينا هێشتا خراپە
بەهۆی هێرشی زەمینیی ئەم دواییەی هێزەکانی رووسیا لە خارکیڤ، ژمارەیەک پێکهاتە بەتەواوی لەنێوچوون، کارەبا، ئاو و خۆراک زۆر کەم بوونەتەوە، بەگشتی 68%ـی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئۆکرانیا لەنێوچووە.
لە سووریا شەڕ نەماوە، بەڵام رەوش خراپە
کوشتنی خەڵکی سڤیل، تووندوتیژیی سێکسی و کۆمەڵایەتی، دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران بەردەوامە. لە سووریا وەک ساڵانی رابردوو شەڕ نەماوە، بەڵام مردن لە زیندانەکاندا بەردەوامە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، هەروەها ئەو سووریاییانەی دەگەڕێنەوە، لە راستیدا زیندانی دەکرێن.
رەوشی ژنان و ئامارەکانی لەسێدارەدان لە ئێران
لە ئێران هێشتا ژنان بە تۆمەتی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشیی تەواو دەستبەسەر دەکرێن، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەسێدارەدان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لە سوودان تاوانی جەنگ دەکرێت
بەهۆی ململانێی نەتەوەیی، سوودان لە دۆخێکی خراپدایە، له هاوکاریی مرۆیی بێبەش کراوە و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەستگیر دەکرێن و تاوانی جەنگی لەوێ ئەنجام دەدرێت، خەڵک به کۆمەڵ کۆچ دەکەن و تەنگژەیەکی تووندی مرۆیی لەوێ هەیه. لە راپۆرتەکەدا هاتووە "گرنگە کاری نێوەندگیری کە یەکێتیی ئەفریقا خستوویەتییە ئەستۆی خۆی، بگاتە ئەنجام و شەڕەکە کۆتایی بێت."
ماوەیەکی زۆرە ئەم شەڕە کاریگەریی لەسەر ژینگە هەیە و گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لەو ئاستەنگە گرنگانەی مۆراویا رووبەڕووی دەبێتەوە.
لە باشووری ئەفریقا بەهۆی دیاردەی ئەل نینۆ 61 ملیۆن کەس رووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە. هەروەها وڵاتانی وەک مالاوی، زیمبابوای و زامبیا بارودۆخێکی خراپیان هەیە.
کارەساتی ژینگەیی زیاتر لەو وڵاتانە روودەدات، کە دۆخی خەڵک تێیاندا خراپە و لە ئێستاوە کێشەی نەبوونی ئاسایشی خۆراکیان هەیە، بەهۆی ئەو قەرزانەی حکومەت لەسەریەتی.
نیوەی دانیشتووانی جیهان کە 3.3 ملیار کەسە، لەو وڵاتانەدا دەژین کە حکومەتەکانیان پارەی زیاتر بۆ دانەوەی قەرزەکانیان خەرج دەکەن، نەوەک وەبەرهێنان لە چاودێریی تەندروستی و پەروەردەدا.