وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆچی لە چینە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی دوو رۆژە لە پەکینی پایتەختی چینە؛ ئەوەش لە پێنج ساڵی رابردوودا یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ پەکین.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "سەردانەکە سێ ئامانجی هەیە؛ یەکەم، بۆئەوەی پەیوەندیی کراوە و بەهێز ببەستین. دووەم، بۆئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پێشبخەین. سێیەم، بۆئەوەی گرنگییەکانی هاوئاهەنگی تاوتوێ بکەین."
 
رووداو گەلێک زیاتر ئامانجی سەردانەکەی بلینکن شی دەکەنەوە. رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ، لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا خەریکبوو پێکدادان لەنێوان دوو فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی و چینی رووبدات و ئەمریکا رایگەیاند کە خەتای فڕۆکە چینییەکە بووە.
 
رۆژی 5ی حوزەیرانیش، ئەمریکا چینی تۆمەتبار کرد کە گوایە لە گەرووی تایوان، کەشتییەکی جەنگیی چینی خەریکبووە خۆی بە کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکیدا بکێشێت.
 
رۆژی 24ی شوبات، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لەنزیک کەناراوەکانی ویلایەتی کارۆلینای باشوور باڵۆنێکیان خستە خوارەوە و چینیان بە ناردنی باڵۆنەکە بۆ سیخوڕی تۆمەتبار کرد.
 
کێشەی تایوان و شەڕی ئۆکرایناش لە یەکەمەکانی سەردانەکەی بلینکنە بۆ پەکین. چوو یی، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی کلتووریی چین لە تایوان دەڵێت، "ئەمریکا کێشەگەلێکی زۆری قەرز، ئابووری، پیشەسازی و قەرزەکانی هەیە. ئایا دەتوانن بەبێ هاوکاریی چین کێشەکان چارەسەر بکەن؟ دەبێت بە گشتگیرانە لەمە بڕوانین. ئەگەر هاوکاریی چینیان دەوێت با دەست لە تایوان هەڵبگرن."
 
مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئەمریکا رایگەیاند کە بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان، چین بەنیازە هاوکاریی سەربازی پێشکێشی رووسیا بکات.
 
سەردانەکەی 2ی ئابی 2022ی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان وایکرد کە چین هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی تایوان بکات و ئەوەش ئەمریکای نیگەران کرد.
 
رۆژی 6ی ئەم مانگە، ئێران باڵیۆزخانەی خۆی لە ریاز کردەوە، چین رۆڵی هەبوو لە ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییە، هەنگاوی داهاتووی چین وەبەرهێنانی درێژخایەنە بە 400 ملیار دۆلار لە ئێران و وەبەرهێنانی مامناوەند بە سەرووی 30 ملیار دۆلار لە سعودیە. ئەمەش بۆ ئەمریکا جێگەی نیگەرانییە.
 
ئەگەر لەم کۆبوونەوەی نوێنەرانی هەردوو وڵاتدا، کێشەکانیش چارەسەر نەکرێن، لانیکەم دەرگای گفتوگۆی نێوانیانی کردەوە.