هێشتا دۆخی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا لە مەترسیدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا لەدوای تەواوکردنی کۆبوونەوەیەکی کابینەکەی تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار کرا؛ تائێستاش دۆخی لە مەترسیدایە.
 
بەگوتەی بەرپرسان، رۆبەرت فیکۆ پێنج گولـلەی پێوەنراوە و چواری بەرکەوتوون، گولـلەکان بە سەرەوەی کەمەری کەوتوون و یەکێکیان چەند سەنتیمەترێک بەژێر جگەری کەوتووە.
 
چەند خولەکێک دوای رووداوەکە، فیکۆ بەپەلە گەیێندرایە نەخۆشخانەی شاری بانسکا بیستریکا لە ناوەڕاستی سلۆڤاکیا، رۆژی چوارشەممە نەشتەرگەرییەکی پێنج کاژێریی بۆ کرا و رۆژی هەینیش نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ کرا.
 
زوزانا دۆلینکۆڤا، وەزیری تەندروستیی سلۆڤاکیا رایگەیاند، "دوای گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ ستافی پزیشکی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رووزڤێڵت، دەتوانین پێتان رابگەیێنین کە بۆردی پزیشکی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی تەندروستیی سەرۆکوەزیران جێگیرە. لەگەڵ ئەوەشدا حاڵەتەکەی هێشتا جیدییە و ئەوەش بڵێین، نەشتەرگەرییەکەی رۆژی هەینی کە دوو کاژێری خایاند، لە بەرژەوەندیی بەرەوپێشچوونی دۆخی تەندروستیی سەرۆکوەزیران بوو."
 
تۆمەتبار دوای دەستڕێژەکە، دەستبەجێ دەستگیرکرا. رۆژی شەممە یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنی بە قۆڵبەستکراوی بەڕێوەچوو.
 
شاعیرێکی تەمەن 71 ساڵە بەناوی جوراج سینتولا، ئەندامی نووسەرانی سلۆڤاکیایە، پێشتر لە بازاڕە نێوخۆییەکان پاسەوان بووە. چەند ساڵێک لەمەوبەر لەکاتی پاسەوانی لەلایەن کەسێکەوە لێی دەدرێت و هەوڵدەدات رێکخراوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دابمەزرێنێت.
 
بریندارکردنی سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە پەردەی لەسەر ناکۆکیی قووڵی سیاسی لە سلۆڤاکیا هەڵدایەوە. فیکۆ بە کەسێکی هاوسۆز بۆ رووسیا و رەخنەگر لە ئەمریکا دەناسرێت و لە نێوخۆی وڵاتیش چەندین گۆڕانکاریی لە بەرژەوەندیی لاوازکردنی دەسەڵاتی دادوەری کردووە و هەڕەشەی داخستنی کەناڵێکی رەخنەگریشی کردووە.
 
فیکۆ لە 2023 بۆ سێیەم جار بووەوە سەرۆکوەزیران دوای ئەوەی لە 2018 لەسەر کوژرانی رۆژنامەڤانێک لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران دەستی لەکار کێشایەوە.
 
زوزانا ئیلاسۆڤا، دانیشتووی براتیسلاڤا دەڵێت، "پێموایە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە، نابێت گیان و تەندروستیی مرۆڤ بەئامانج بگیرێت. ئەمە هێرشە بۆ سەر دیموکراسی."
 
پیتەر، دانیشتووی براتیسلاڤا گوتی، "هەرچەند من لایەنگری سیاسەتەکانی بەڕێز فیکۆ نیم؛ بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ دۆخی وڵات بکرێت."
 
پڕوپاگەندەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سلۆڤاکیا بە رێخۆشکەر بۆ ئەم رۆژە دادەنرێن 'مایکل سیمیکا'ی، سەرۆکی ئۆپۆزیسۆنیش لەگەڵ ئەوەی هێرشەکە سەرکۆنە دەکات، دەڵێت، "لە رۆژی هەینییەوە بەردەوام هەڕەشەی کوشتن لە خۆی و هاوژینەکەی دەکرێت."