نەزانینی زمان وایکردووە 13 هەزار کەس نەتوانن خێزانەکانیان ببەنە ئەڵمانیا


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە تەنیا لە ساڵی رابردوودا 13 هەزار و 607 کەس لە تاقیکردنەوەی زمانی ئەڵمانی بۆ گەیشتنە ئەڵمانیا، سەرکەوتوو نەبوون. 
 
ئەو کەسانە ئەوانەن کە هاوژین یان کەسێکی نزیکیان لە ئەڵمانیا مافی مانەوەی وەرگرتووە و داوای ئەوەی بۆ کردوونە کە بێنە ئەڵمانیا. یەکێک لە مەرجەکانی هاتن بۆ ئەڵمانیا فێربوونی زمانی ئەڵمانییە. 
 
بڵاوبوونەوەی ئەو داتایە رەخنەی فراوانی لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا لێکەوتووەتەوە. رەخنەی ئەوە دەگیرێت کە ئەڵمانیا مەرجی قورس و تاقیکردنەوەی سەختی بۆ ئەوانە داناوە کە دەیانەوێت بێنە لای کەسوکاریان لە ئەڵمانیا، چونکە وەک دەردەکەوێت رێژەی دەرچوون لەو تاقیکردنەوانە ناگاتە سەرووی 30٪.
 
لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، تەنیا لە ساڵی 2022دا 71 هەزار کەس لەسەر بنەمای بەیەکگەیاندنەوەی ماڵبات ڤیزای هاتنە ئەڵمانیایان وەرگرتووە، بەڵام نایشارێتەوە لەو ژمارەیە زۆر کەسی تێدا بووە کە ساڵانی پێشتر توانیویەتی تاقیکردنەوەی زمان دەرباز بکات و بەهۆی مەرجەکانی دیکەوە ناچار بووە ماوەی درێژ هەر لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە. 
 
لەسەر مژاری فێربوونی زمان و کێشەکانی دیکەی ئەوانەی دەچنە ئەڵمانیا، سۆلاڤ عەلی غالیب میوانی دیاسپۆرا بوو، کە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ کۆچبەران و دامەزراوە فەرمییەکانی ئەڵمانیا کاردەکات. 
 
سۆلاڤ عەلی کە وەک فەرمانبەر لە فەرمانگەی ئاڤۆی تایبەت بە کۆچبەران لە شاری کیل کاردەکات و یارمەتیی ئەو کۆچبەرانە دەدات کە دێنە ئەڵمانیا، گوتی "لە سەرەتای ئەمساڵ سێ ئاسانکاریی نوێ بۆ ئەو کۆچبەرانە دەرچوو کە دۆڵدونگیان هەیە، واتە ئەوانەی مافی مانەوەی کاتییان هەیە و دەبنە سێ جۆر: یەکەمیان ئەوانە ماوەی پێنج ساڵ لە ئەڵمانیا مابنەوە، بەڵام پێنج ساڵەکەی لە مانگی شەشی ساڵی رابردوو تەواو کردبێت، ئەوان دەتوانن داوای مافی مانەوەی هەمیشەیی بکەن. دووەم ئەو کۆچبەرانەی ماوەی سێ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین و تەمەنیان لە خوار 27 ساڵییەوەیە، هەروەها کاریشیان هەیە، دەتوانن داوای مافی مانەوەی هەمیشەیی بکەن، یان بخوێنێت و بیسەلمێنێت کە خۆی لەگەڵ کۆمەڵگە و یاسای ئەڵمانیا گونجاوندووە. سێیەم ئەوانەی دۆڵدونگیان هەبێت و شەش ساڵ لە ئەڵمانیا مابێتەوە، ئەوا کارئاسانی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی زمان فێربێت و کاربکات و دواتر دەتوانن داوای مافی مانەوە بکەن".
 
بەپێی یاسای ئەڵمانیا؛ ئەوانەی دۆڵدونگیان هەیە و دەیانەوێ کەسوکاریان ببەنە ئەڵمانیا؛ دەبێ زمانی ئەڵمانی بزانن و بە پێچەوانەوە رێگەیان پێنادرێت و ئەمساڵ زیاتر لە 13 هەزار کەس کە تاقیکردنەوەی زمانی ئەڵمانییان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە لای کەسوکاریان لە ئەڵمانیا دەرنەچوون. سۆلاڤ عەلی لەو بارەوەیە گوتی، "بەپێی پڕۆژەیەک حکومەتی ئەڵمانیا بەنیازە ئەو مەرجە لاببات، بەڵام هێشتا نەبووەتە بڕیار".
 
سۆلاڤ عەلی کە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی دەزانێت، ئاشکرایکرد، کاری ئەوان لە فەرمانگەکەیان ئەوەیە هاوکاریی ئەو کۆچبەرانە بکەن و رێگەیان پێشان بدەن بۆ ئەوەی یەکەمجار فێری زمانی ئەڵمانی بن و دواتر رێنمایی بە کۆچبەران دەدەن  لەسەر سیستمی ژیان لە ئەڵمانیا. گوتیشی، "کۆچبەران فێردەکەین کە چۆن منداڵ بەخێودەکرێت و پەروەردە دەکرێت، پێیان دەڵێین کە فەرمانگەی نەوجەوانان لەکاتی ئەشکەنجەدانی منداڵ، خێزانەکە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و ئەگەر نەیانتوانی پەروەردەکە باشتر بکەن ئەوا منداڵەکانیان لێدەسەندرێتەوە".
 
سۆلاڤ عەلی کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە کۆمەڵناسی، دەشڵێت، "کولتووری ئەڵمانی زۆر لە کولتووری خۆمان جیاوازترە، بۆیە پێویستە سەرەتا گەورەکان پەروەردە بکرێن و دواتر فێریان بکەن کە چۆن منداڵەکانیان پەروەردە بکەن".