بەریتانیا بڕیار لەسەر کەیسی 20 هەزار عێراقی و ئێرانی دەدات


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدا بەخێرایی بڕیار لەسەر کەیسی ئەو کەسانە بدات کە عێراقی یان ئێرانین و لەپێش مانگی شەشی ساڵی 2022 داوای مافی پەنابەرییان کردووە. 
 
وەک لە نامەیەکی دزەپێکراوی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیادا هاتووە، حکومەتی ئەو وڵاتە دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 90 هەزار کەیسی داواکاریی پەنابەری لە وڵاتانی جیاجیاوە یەکلایی بکاتەوە. بڕیارەکەی تایبەت بە عێراقی و ئێرانییەکانیش لەو چوارچێوەیەدایە.
 
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا؛ دەبێت هەرکەسێک پێش مانگی شەشی 2022 داوای مافی پەنابەریی کردووە، فۆرمێک بە زمانی ئینگلیزی پڕبکاتەوە کە 11 لاپەڕەیە. لەو فۆرمەدا هەموو پرسیارێکی پەیوەندیدار بە ناسنامەی کەسیی داواکار و هۆکاری داواکردنی مافی پەنابەری و دڵنیابوونەوە لەوەی کە داواکار هیچ تاوانێکی نەکردووە، تێدایە. 
 
ئەگەر کەسێک فۆرمەکەی بە باشی پڕکردبێتەوە، ئەگەری هەیە بۆ چاوپێکەوتنێکی نیو کاژێر تاوەکو دوو کاژێری بانگ بکرێتە وەزارەتی نێوخۆ. لە هەندێک حاڵەتیشدا کە کارمەندی بڕیاردەر فۆرمەکەی بەدڵ بووبێ، پێویست بەو چاوپێکەوتنەش ناکات و بڕیار لەسەر کەیسەکە دەدرێت. 
 
وەک لە نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا دەردەکەوێت؛ بۆ بڕیاردانی ئەرێنی لەسەر کەیسەکە، گرنگە بەڵگەی تەواوەتی لەگەڵ فۆرمەکەدا بنێردرێن کە ناسنامە و راستی و دروستیی زانیارییەکانی داواکار بسەلمێنن. 
 
پێشتر لە مانگی دووی ئەمساڵ بڕیارێکی هاوشێوە بۆ داواکارانی خەڵکی سووریا، ئەفغانستان، یەمەن، لیبیا و ئەریتیریاش دەرچوو. 
 
رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی پەنابەران سەرەڕای ئەوەی دڵخۆشن کە دەستوبرد دەکرێت لە یەکلاییکردنەوەی کەیسی پەناخوزان، بەڵام ترسیان هەیە ئەو دەستوبردییە وابکات زۆر کەس بە ناهەق داوای پەنابەرییەکەیان رەتبکرێتەوە.