نێچیرڤان بارزانی پەیام بۆ دوو گەنجی کورد لە نەرویج دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی نەرویج پەیامێک بۆ دوو هاونیشتمانیی کورد کە بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی نەرویج دەنێرێت. یەکێک لەو هاونیشتمانییانەش لە رێگەی رووداوەوە سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، ئانیکن هیتفیڵد، وەزیری دەرەوەی نەرویج چاوی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت. 
 
ئانیکن هیتفیڵد کە بەرپرسێکی باڵای پارتی کاری نەرویجە و لە 20 ساڵی رابردوودا چەندین پۆستی وەک وەزیری منداڵان و یەکسانی؛ هەروەها وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبووە، داوای لە نێچیرڤان بارزانی کرد کە لە رێگەی ڤیدیۆوە پەیامێک بە زمانی کوردی بۆ دوو ئەندامی پارتەکەی بنێرێت کە هەردووکیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی نەرویج بەربژێرن. 
 
یەکێک لەو هاونیشتمانییانە ناوی هودا عیمادە و ئەوی دیکەشیان ناوی مانی حوسێنییە. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەو بنچینەیە، ڤیدیۆیەک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەرویج تۆمار دەکات و تێیدا دەڵێت: "هودا خان؛ من نێچیرڤان بارزانیم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەرویج لە میونخ. لێرەوە سڵاو و رێزی خۆمان بۆ تۆ و کاک مانی دەنێرین". نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "هیوادارین باش بن، سەرکەوتوو بن و رۆڵی خۆتان لە نەرویج بگێڕن بۆ پاڵپشتیی کورد و پاڵپشتیکردنی وڵاتی خۆتان." 
 
 
هودا عیماد ساڵی 1995 لە هەولێر لەدایکبووە. ئەو نووسەرە و پسپۆڕییەتی لە مێژوو هەیە. هودا لە دوورگەی فرای سەر بە شارەوانیی کریستیانسوند دەژی و بەربژێری پارتی کارە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی لە ناوچەی ئەکیرشوس.
 
هاونیشتمانییەکەی دیکە ناوی مانی حوسێنییە کە لە ساڵی 1987 لە قامشلۆ لەدایکبووە. ئەو لە تەمەنی 12 ساڵی چووەتە نەرویج و ساڵی 2006 بووەتە ئەندامی "کۆمەڵەی گەنجانی کار" کە گەورەترین کۆمەڵەی سیاسیی گەنجانی ئەو وڵاتەیە و سەر بە پارتی کاری نەرویجە. مانی ساڵی 2014 بووە سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە و تاوەکو تشرینی دووەمی 2018 لەو پۆستەدا بوو. 
 
هەر لەو بارەوە مانی حوسێنی ئەمڕۆ دووشەممە 19-2-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەبارەی ڤیدیۆکە و سڵاوەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ من و هودای هاوڕێم، ئێمە زۆر سەربەرزین بۆ ئەو پەیامە و سوپاسی دەکەین." 
 
مانی حوسێنی دەڵێت: "ئێمە وەک کەسانی سیاسی، خزمەتی وڵاتی خۆمان نەرویج دەکەین، بەڵام هیچ کاتێک وڵاتی خۆمان کە کوردستانە لەبیر ناکەین و خزمەتی گەلی خۆمان دەکەین. ئێستا لیژنەیەکمان لە پەرلەمان پێکهێناوە بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی گەلی کورد و لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستدەکەین." 
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، ئەم ئەیلوولە هەڵبژاردنی شارەوانی بەڕێوەدەچێت و "ئێمەش پێویستمان بە دەنگی کوردە لێرە لە نەرویج."  

 

 
لە ئەیلوولی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە نەرویج بەڕێوەدەچێت و ئێستا نزیکەی 30 هەزار هاونیشتمانی لەو وڵاتە دەژین.