رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە واشنتن دەڵێت، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سیاسەتی تۆڵەکردنەوە پەیڕەو دەکات و مەترسیش هەیە ئەمە ببێتە هۆی لاوازبوونی ناوەندە دیموکراسییەکانی ئەو وڵاتە.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو ئەندریاس میکایلیس، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە واشنتن راپۆرتێکی سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی نارد.
میکایلیس لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، "ترەمپ دەیەوێت خۆی زۆرینەی دەسەڵاتەکانی لابێت" نەوەک ویلایەتەکان و کۆنگرێسی وڵاتەکەی. دەشڵێت، ئەمە دەکرێت "کاریگەریی گەورەی" لەسەر بنەما و ناوەندە دیموکراسییەکانی ئەو وڵاتە دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رەتیکردەوە هیچ لەبارەی نێوەڕۆکی راپۆرتەکەوە بڵاوبکاتەوە. وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمریکا "یەکێکە لە گرنگترین هاوپەیمانەکانمان" و بەرلین دەیەوێت "هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا" بکات.
پێناچێت پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا لە ئیدارەی دووەمی ترەمپ دا بەهێزبن. دوێنێ، رۆبێرت هابێک، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا لە کەمپەینی پارتی سەوزەکان لە شاری میونشن گوتی، ئەڵمانیا لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا هەیە. دەشڵێت، "ئەم چقڵێکە بۆ چاوی بەرەی ترەمپ (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا)".
ئەو بەرپرسە ئەڵمانیە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ترەمپ دەتوانێت رێکاری ئابووری، لەنێویاندا زیادکردنی گوومرگ، بەرامبەر وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا زۆر خراپ بەکاربهێنێت، بەڵام "دەتوانیت دڵنیابیت کە زیادکردنی گوومرگییەکە بە جۆرێک دەبێت کە لە ئابووری ئەڵمانیا بدات".
ترەمپ چەند جارێک تووڕەیی خۆی پێشانداوە لەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا وەکو پێویست بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان، بەتایبەت ئۆتۆمبێل، لە وڵاتەکەی ناکڕن. هەروەها، 23ـی تشرینی دووەمی رابردووش رایگەیاند، نیگەرانە لە بینینی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلە ئەڵمانییەکان لە شەقامەکانی مانهاتندا. مانهاتن یەکێکە لە قەرەباڵخترین ناوچەکانی شاری نیویۆرک.
رۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی پار، ترەمپ هەڕەشەی زیادکردنی پێناسی گوومرگی لەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد ئەگەر جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان هاوردە و هەناردەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا نەبێت.
هابێک ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بێت ئەمریکا گوومرگی زیاتر بخاتە سەر بەرهەمەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەوا بەرلین و برۆکسلیش هەمان هەنگاو دەگرنەبەر.
ئەو گوتانەی بەرپرسە ئەڵمانییەکە لەکاتێکدان دۆخی سیاسی وڵاتەکەیان ناجێگیرە. حکومەتی ئەڵمانیا هەڵوەشاوەتەوە و ئێستا کاربەڕێکەرە. بڕیاریشە 20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتە بکرێت.
رۆژی 20ـی ئەم مانگە ترەمپ سوێندی یاسایی دەخوات و دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا. ئەو پێش دەستبەکاربوونی هەڕەشەی هاوشێوەی لە ژمارەیەک وڵاتی دیکەش کردووە کە بەشێکیان هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکان، لەوانە چین، مەکسیک و کەنەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ