هۆڵەندا لەسەر گیانلەدەستدانی ژینە پێشڕەو باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت، منداڵێکی هۆڵەندی لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستداوە و بەوهۆیەوە، قسەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کردووە و بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانیشی لە وڵاتەکەی کردووە. 
 
رۆژی هەینی، 19ـی کانوونی دووەمی 2024، هانکێ برووینس، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە پۆستێکی ئێکسدا گوتی، منداڵێکی هۆڵەندی لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستداوە و "گیانلەدەستدانی منداڵێکی ساوا، کە تەمەنی لە ساڵێک کەمتر بوو، زۆر ناخهەژێنە. هاوخەمی خێزانی منداڵەکە و قوربانییانی دیکەی ئەم هێرشەین. ئێمە لەم کاتە سەختەدا یارمەتیی کۆنسوڵگەری پێشکەش بە خێزانەکە دەکەین."

 

بەپێی گوتەکانی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بێت، کە منداڵەکە تەمەنی لە ساڵێک کەمتر بووە، مەبەستیان ژینە پێشڕەو، منداڵە بچووکەکەی پێشڕەو دزەییە کە تەمەنی 11 مانگ بوو و تاکە منداڵ بوو کە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستدا.  
 
وەزیرە هۆڵەندییەکە بەتووندی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "بۆ روونکردنەوە قسەم لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەم کردووە و بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانیشم کردووە." 
 
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن.
 
بۆردوومانەکەی ئێران گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی، منداڵێکی (ژینە دزەیی)، هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
 
ئێران لە پاساوی هێرشەکەدا دەڵێت، "ئێمە، بارەگای مۆسادمان لە شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە وردی کردە ئامانج، ئەوەش بە واتای بەئامانجگرتنی عێراق نییە، بەڵکو ئیسرائیل دوژمنی هاوبەشی عێراق و ئێرانە." بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەرکۆنەی هێرشە دەکەن و رەتی دەکەنەوە هیچ بارەگایەکی مۆسادی ئیسرائیل لە هەولێر هەبێت.
 
پێشتر، رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی سوێد، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بانگهێشتی بەرپرسی کاروباری سیاسیی باڵیۆزخانەی ئێرانیان بۆ وەزارەتەکە کردووە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران کراوەتە سەر ماڵی کەسێکی سڤیل کە وڵاتینامەی سوێدی هەبووە.
 
پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری هەولێر، وڵاتینامەی سوێدی هەبووە و ماوەی 14 ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە، کوڕە گەورەکەشی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو و ئێستا بۆ چارەسەر لە ئیماراتە، هەر لە سوێد لەدایکبووە.
 
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.
 
لە دوای هێرشەکە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى بەسەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەسەر ئەو هێرشە پێکهێنا و رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی دووەم لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون. قاسم ئەعرەجی دواتر رایگەیاند ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەپێچەوانەی بانگەشەکان، بارەگای مۆساد نەبووە.