رووداو دیجیتاڵ
پاپا فرانسیس لە ڤاتیکان پێشوازیی لە سەرۆککۆمار و خانمی یەکەمی عێراق کرد. ڤاتیکان دەڵێت، جەخت لەوە کرایەوە کریستیانەکانی عێراق بەشێکی زیندوو و کارای کۆمەڵگە و ناوچەکە بن، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا.
رۆژی شەممە، لە بارەی دیداری پاپا فرانسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ڤاتیکان رایگەیاند، "لە گفتوگۆ دۆستانەییەکاندا کە لە وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەچوو، بە جەختکردنەوە لە پەیوەندی باشی دووقۆڵی، ژمارەیەک بابەتی جێی بایەخی هاوبەش تاوتێکران."
"زیندوویی و کارایی" کرستیانەکانی دەشتی نەینەوا
ڤاتیکان هەروەها دەڵێت، لە گفتوگۆی نێوان پاپا فرانسیس و سەرۆککۆماری عێراقدا "بە دیاریکراوی جەخت لەوە کرایەوە کە کەنیسەی کاسۆلیک بتوانێت بەردەوامبێت لە راپەڕاندنی ئەرکە پڕبایەخەکەی و هەموو کریستیانەکانی عێراقیش بەشێکی زیندوو و کارای کۆمەڵگە و ناوچەکە بن، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا."
ئەم سەردانە، چوار مانگ دوای ئەوە دێت کە سەرۆککۆماری عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومێکی کۆماری بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی لەنێو بەشێک لە کرستیانەکانی عێراق.
مەرسوومەکە تایبەت بوو بە دانپێدانانی حکومەتی عێراقی بە پێگەی لویس رافایل ساکۆ وەک پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق، یاخود سەرۆکی کەنیسەی کلدانی، کە ئەوەش وایکرد کاردیناڵەکە کورسی پاتریارک لە بەغداوە بگوازێتەوە بۆ هەولێر. سەرۆکایەتیی عێراق هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومەکەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی "پاڵپشتیی یاسایی و دەستووری."
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ رەیان کلدانی کۆبووەوە، کە رکابەری کاردینال ساکۆ و سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆنی کرستیانە.
مانگی رابردوو، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، ساکۆ گوتی، گواستنەوەی کورسیی پاتریارک لە بەغداوە بۆ هەولێر، هەنگاوێک بووە بۆ دەربڕینی "ناڕەزایی" دژی بڕیارەکەی سەرۆککۆمار تاوەکو مەرسوومە کۆمارییەکەی بگەڕێنێتەوە.
هەر لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ، کرستیانەکانی قەرەقوش لە دەشتی نەینەوا لەسەر داوای ئەنجوومەنی مەترانەکانی پارێزگاکە، لە خۆپێشاندانێکدا ناڕەزاییان دژی حکومەتی عێراق دەربڕی کە بە گوتەی خۆیان، لە رابردوودا بە زۆرەملێ ئاوارە کراون و ئێستا کە گەڕاونەتەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەی کریستیانەکاندا، بەغدا رژد نییە.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، سەرۆککۆمار رۆژی شەممە، لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان "جەختیکردەوە کرستیانەکان پێکهاتەیەکی سەرەکین لە بونیادنان، پێشخستن و خۆشگوزەرانیی وڵات و حکومەت پابەندە بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی پێکهاتەی کرستیان، ئیزدی و ئەوانی دیکە بۆ ناوچەکانیان."
هەروەها سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت "دۆسیەی مرۆیی" کرستیان و پێکهاتەکانی دیکە "لە رێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە، پاراستنی هەبوونی کریستیانەکان و پاراستنی فرەڕەنگی، یەکلابکاتەوە."
لەتیف رەشید هەروەها جەختیکردووەتەوە کە "دەرگەی سەرۆکایەتیی کۆمار بە رووی کرستیانەکاندا کراوەیە تاوەکو بەدواداچوون بۆ داواکاری و پرسەکانیان بکات لە پێناو مسۆگەرکردنی بژێو و سەقامگیرییان."
کێشەی ساکۆ و کلدانی لەسەر چییە؟
ساکۆ لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رووداو، رەخنەی تووندی لە رەیان کلدانی گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی کە بە ناوی کریستیانەکان تاوان دەکات و دیمۆگرافی دەشتی نەینەوا دەگۆڕێت.
رەیان کلدانی کە هێزە چەکدارەکانی لە دەشتی نەینەوا جێگیرکراون، تۆمەتبارە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و لە لایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە. کلدانی لە کاتی شەڕی دژی داعش لیوای بابلیۆنی لە نێو حەشدی شەعبیدا پێکهێنا و ئێستا بەشێکی زۆری دەشتی نەینەوای لە ژێر دەستدایە.
هەروەها کلدانی پارتێکی سیاسیشی هەیە بە ناوی بزووتنەوەی بابلیۆن کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا، لە کۆی پێنج کورسیی کریستیانەکان، چواری بەدەستهێنا. کلدانی لە لایەن ساکۆ و بەشێکی کرستیانەکانی دەشتی نەینەوا تۆمەتباردەکرێت بەوەی هەوڵدەدات خۆی بەسەر کاروبار و سامانی کرستیانەکاندا بسەپێنێت.
کلدانی کە لە ساڵی 2019ـەوە لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە، رۆڵی "سیاسیی" کاردیناڵ ساکۆ سەرکۆنەدەکات و پێوایە پێگە ئایینییەکەی بۆ مەرامی سیاسی بەکاردێنێت.
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.
تەوەرەکانی دیکەی دیدارەکەی پاپا و سەرۆککۆماری عێراق
رۆژی شەممە، سەرەتا پاپای ڤاتیکان لە کۆشکی پاپایەتیی پێشوازیی لە لەتیف رەشید و شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خانمی یەکەمی عێراق کرد و دواتر لە بارەگەی وەزارەتی دەرەوەی ڤاتیکان کۆبوونەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رۆژی شەمممە، باسی لەوە کرد کە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ پاپا، سەرۆککۆماری عێراق "ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدڕالیی [عێراق] و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیێکی باشە و هەردوو لا ویستی ئەوەیان هەیە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکەن."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ڤایتکان، لە گفتوگۆی پاپای ڤاتیکان و سەرۆککۆماری عێراقدا "هەندێ پرسی نێودەوڵەتیش تاوتوێکران، بە تایبەتیش ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین و پابەندبوونی بەپەلە و پێویست بە ئاشتی و سەقامگیری."
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت، سەرۆککۆمار بە پاپای راگەیاندووە کە "عێراق دوژمنکاری و پێشێڵکارییە بەردەوامەکانی دژی فەلەستین و غەززە بە توندی سەرکۆنە دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەوڵی زیاتر بدات بۆ وەستاندنی دوژمنکاری، پاراستنی خەڵکی سڤیل و مسۆگەرکردنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان."
هەروەها سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆککۆماری عێراق "لە دیدارەکە سوپاسی خۆی ئاراستەی پاپا کرد لە بەرامبەر سەردانەکەی بۆ عێراق،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەردانەکەی ئاداری 2021ی پاپا فرانسیس کە تێیدا وەک یەکەمین پاپا لە مێژووی ڤاتیکاندا گەیشتە عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ