پرسی کۆچبەران رۆژەڤی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندایە؛ سێ کورد خۆیان بەربژێر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
پرسی هەڵبژاردن لە هۆڵەندا گەرمە، 26 حیزب کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 150 کورسی پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەکەن، پرسی کۆچبەرانیش هاتووەتە نێو بانگەشەی هەڵبژاردنەکە و بەشێک لە پەناخوازانی هۆڵەنداش داوا دەکەن حکومەتی نوێ پرسی کۆچبەران چارەسەر بکات.
شارۆچکەی تێر ئاپڵ بووەتە سیمبوڵی قەیرانی کۆچبەران لە هۆڵەندا. سەرجەم کەمپەکانی پڕ بوون و پەناخوازان لەسەر شەقامەکانی دەمێننەوە.
مینی بریدێر، هاووڵاتییەکی هۆڵەندییە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی و پرسی کۆچبەرانەوە دەڵێت، "هیوادارم حکومەتی نوێ پلانی هەبێت و کارێک بکات، چونکە لێرە کێشەی زۆر هەیە، بەهۆی ئەوەی کۆچبەری زۆری لێیە و دەبێت کارێک بکرێت."
هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا بڕیارە لە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبچێت و 26 پارت رکابەرایەتی لەسەر بەدەستهێنانی، 150 کورسی دەکەن.
بەگوێرەی دوایین راپرسی، پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی دەسەڵاتدار لە پێشەنگە و سەرۆکی پارتەکەش، کە خانمێکی کوردە بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئەو وڵاتە.
دیلان یەشیلگویز، سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی رایگەیاند، "ئێمە پێمانوایە یاسا و رێکارەکانمان زۆر لەبارترن بەراورد بە یاسا و رێکارەکانی وڵاتانی دەوروبەرمان، هەربۆیە ئەمەش وا دەکات خەڵکێکی زۆر رووبکەنە ئێرە. بەو پێیەی خۆم کۆچبەرم، زۆر گرنگە بڕیارێک بدەین تاوەکو کۆچبەرە راستەقینەکان شوێنێکی سەلامەتیان هەبێت."
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هۆڵەندا، ساڵی رابردوو زیاتر لە 21 هەزار و 500 کۆچبەر روویان لەو وڵاتە کردبوو، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم ساڵ ژمارەکە لە ساڵی رابردوو زیاتر بێت.
پیتەر ئۆمتزیگت، سەرۆکی پارتی ئێن ئێس سی دەڵێت، "ئەوە کێشەیە، دەبێت کە وەرگرتنی کۆچبەران سنووردار بکرێت و ئەو هەنگاوە پێویستی بە هاوئاهەنگییەکی زۆر لەگەڵ ئەوروپا هەیە. ئەوەش کارێکی زەحمەتە، چونکە هەندێک لەو سیاسەتانەی ئێمە پێشنیازمان کردووە زەحمەتە، بەڵام ئەگەر پێویست بوو، چەندیش زەحمەت بێت، دەبێت هەوڵی بۆ بدەیت."
بەهۆی نەگەیشتن بە رێگەچارەیەک لەبارەی پرس و چۆنیەتیی مامەڵەکردن و رێگری لە کۆچبەرانی نایاسایی، رۆژی 7ـی تەممووزی 2023، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا هەڵوەشانەوەی کابینەکەی راگەیاند و دوای 13ساڵیش کۆتایی بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی خۆی هێنا.