وردەکاریی زیندانی کردنی باندێکی کورد بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە
رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین پرۆسەی دادگەییکردن بوو لە ئەوروپا، باندێکی کورد کە قاچاخچێتیان بە مرۆڤەوە کردووە لە بەردەم دادوەری بەلجیکا و یەک بە یەک ناوییان خوێندرایەوە و سزادران، لە کۆی 21 کەس لە باندەکە تەنیا یەک کەسیان بە فەرمانی دادوەر ئازادکرا و ئەوانی دیکە سزای زیندانی کردن بەسەریاندا سەپێنرا.
ئێمێلی ڤان بێلێخێم، گوتەبێژی دادگەی تاوانەکان لە رۆژئاوای فلاندەرسی بەلجیکا، بە رووداوی گوت، " دادگە 20 کەسی بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی خەڵک بەشێوەی جۆراوجۆر سزادا، گەورەترین سزا بەر یەکێک لە سەرکردەکانیان کەوت، بە 10 ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی 80 هەزار یۆرۆ سزادرا."
سەرکردەیەکی باندەکە ناوی خۆی لە بەریتانیا کردووە بە هیوا رەحیم پوور، خۆی بە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵەم داوە، ئەو خۆی خەڵکی باشووری کوردستانە، ناویشی هیوا نییە، لە کاتی دادگەییەکەدا هەڕەشەی لە رۆژنامەڤانان کرد و داوای لە دادوەر کرد رووداو و تەلەفزیۆنێکی بەریتانیا لە هۆڵی دادگە بکاتە دەرەوە.
دادگە کەسی دووەمی بە 10 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 80 هەزار یۆرۆ، کەسی سێیەم بە حەوت ساڵ زیندانیکردن و 40 هەزار یۆرۆ و کەسی چوارەم بە شەش ساڵ زیندانی و 16 هەزار یۆتۆ سزادا، هاوکات، حەوت کەسی دیکەیان بە سزای 40 مانگ زیندانی تاوەکو هەشت ساڵ زیندانی و پێبژاردنی هەشت هەزار تاوەکو 24 هەزار یۆرۆ سزادا، نۆ کەسی دیکە کە کاری بچووکتریان لە باندەکە هەبووە 30 بۆ 40 مانگ زیندانی کردن و هەشت هەزار یۆرۆیان وەکو پێبژاردن سزادران.
تۆماس خیلیس، پارێزەرێکە باسی دادگەییەکە دەکات و دەڵێت، "لە جۆری سزادانەکە رازی بووم، لەسەر ئاستی پۆلیس و لەسەر ئاستی دادگەش هەموو شتێک بە شێوەیەکی جدی بەڕێوەچوو، پێشـم وایە کە دادگەی تاوانەکان دەبێت لە شێوازی سزادانەکە رازی بێت، هەروەها دەربارەی سزاکەش. لە ساڵی 2023 کۆچبەران کێشەیەکی زۆر گەورەن و بەهیواین کە کۆمەڵگە بتوانێت لەسەر ئاستی سیاسی هەوڵبدات ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، سەربارەت بە سزادانەکەی ئەمڕۆش، جیاوازییەکی زۆر هەبوو لەنێوان ئەو کەسانەی کە دادگە دەڵێت لە ئاستێکی بەرزدابوون و ئەو کەسانەشی کە هەندێک کات بەهۆی هەژارییەوە هەندێک شت ئەنجام دەدەن یاخود لە هەندێک شت تێوەدەگڵێن بەبێ ئەوەی تاوانبار بن، هەر بۆیە جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە، بەڵام سزاکەش جیاوازی لەنێوان ئەو کەسانەدا دەکات و ئەوەش هۆکارە کە سزادانەکە لەنێوان 11 ساڵ بۆ سزای راگرتن بوو."
بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو تۆڕە گەورەیەی قاچاخچێتی مرۆڤ سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان بوون، هێزە ئەمنییەکان و پارێزەرانی یاسایی لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، فەرەنسا و بەریتانیا نزیکەی 18 مانگ کارییان لەسەریان کردبوو تاوەکو دەستگیریان بکەن.