لە هیندستان فلتەری فڕێدراوی جگەرە دەکرێتە دەفتەر و بووکەڵەی منداڵان


رووداو دیجیتاڵ

لە هیندستان لە رێگەی هەڵگرتنەوە و بەکارهێنانەوەی فلتەری جگەرە فڕێدراوەکانی سەر شەقامی نیودلهیی هیندستان، بووکەڵەی رەنگاورەنگ دروست دەکرێت و لە بازاڕەکان بە نرخێکی باش دەیفرۆشنەوە. لە کاخەزەکەشی دەفتەر و گیراوەکەی کە لە تۆباکۆ پێکهاتووە، وەکو پەینی کیمیایی بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێنرێت.
 
نامان گوپتا، دامەزرێنەری کۆمپانیای ریسایکلینی کۆد ئیفۆرت دەڵێت، "من وەکو کەسێک کە جگەرە ناکێشم، دەمزانی کە فیلتەری جگەرە لە لۆکە دروستدەکرێت، بەڵام کاتێک لە توێژینەوەکەم وردبوومەوە، زۆر شتم بۆ دەرکەوت و چاوی کردمەوە، ئەوەم زانی کە فیلتەری جگەرە ماددەی کیمیایی و پلاستیکە، دەستم کرد بە گەڕان بەدوای چارەسەرێک بۆ ریسایکلکردنی جگەرە فڕێدراوەکان و لەماوەی پێنج بۆ شەش مانگ لە توێژینەوەکەماندا توانیمان چارەسەرێک بدۆزینەوە و بەرهەمێکی جوانی لێ دروستبکەین."
 
پرۆسەی بەکارهێنانەوەی فلتەری جگەرە کەمێک سەرئێشەی هەیە. فلتەر دوای هەڵگرتنەوەی، کاخەزەکەی لێ جیادەکرێتەوە، لۆکەکەی دەکرێتە نێو ئاو تاوەکو تێکەڵ بەیەکدی دەکرێت و دەشێلدرێت، دواتر لەگەڵ ماددەی پاککەرەوە دەکرێتە نێو ئامێری جلشۆردن تاوەکو لۆکەیەکی سپی و بێگەرد دەستدەکەوێت. شلەکەشی بەجیا سوودی لێ دەبینرێت.
 
شلەکەی لێ جیادەکرێتەوە و لۆکەکە دەخرێتە نێو مەکینەی هەلاج تاوەکو لۆکەکە شیدەبێتەوە. دواتر بە رستن و چنین بووکەڵەی لێ دروستدەکرێت.
 
نامان گوپتا، دامەزرێنەری کۆمپانیای ریسایکلینی کۆد ئیفۆرت باسی لەوە کرد، "ئێمە لە ساڵی 2018 ئەم کۆمپانیایەمان دامەزراند، ئێستا کۆمپانیایەکی گەشەسەندووین، بۆیە ئێستا تێچووی لۆکەی ریسایکلکراومان کەم تا زۆر وەک یەکە لەگەڵ لۆکەی ئاسایی، بەڵام بەکاربەران و ئەوانەی بەرهەمەکانمان هەڵدەبژێرن کڕیاری هۆشیارن و بەدوای بەرهەمی پتەو و ریسایکلکراودا دەگەڕێن نەوەک تەنیا لۆکەی ئاسایی."
 
ئەو هەموو کارمەندە لەژێر دەستی یەک کەس کاردەکەن کە بیرۆکەکەی لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانکۆ لا دروستبووە، بەڵام پاککردنەوەی شەقامەکانیش لە جگەرەی فڕێدراو لایەنێکی دیکەی باشیی کارگەکەیە کە ئەرکی سەرشانی شارەوانیی نیودلهی سووکتر دەکات.