ئەڵمانیا ئەرکی سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق درێژ دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 18-09-2024ـی کابینەی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، بریار درا ئەرکی سوپای وڵاتەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی 2026 درێژ بکرێتەوە. 
 
ڤۆلفگانگ بویشنەر، جێگری گوتەبێژی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەو ئەرکەی  پەرلەمانی فیدراڵی بە حکومەتی داوە بەبێ گۆڕانکاریی تاوەکو 31-1-2026 و بەهەمان ژمارەوە؛ واتە 500 کەس، بەردەوام دەبێت". 
 
بویشنەر لە درێژەیی قسەکانی دا کە کۆپییەکی دەقی گوتەکانی بۆ رووداویش هاتووە، دەڵێت: "حکومەتی عێراق داوای پشتگیریی زیاتری لە ئەڵمانیا کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرەشەکانی داعش". 
 
هێزەکانی ئەڵمانیا دوو ئەرکی سەرەکییان لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە؛ بەشداریکردن لە ئەرکی ناتۆ NATO Mission Iraq و ئۆپەراسیۆنێک کە ناوی "Operation Inherent Resolve" کە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش پێکیهێناوە. 
 
ئەو بڕیارەی حکومەتی ئەڵمانیا پێویستی بە خوێندنەوە و دەنگدانی پەرلەمانی فیدراڵی هەیە. بەپێی هاوپەیمانێتیی پارتەکانی سۆشیال دیموکرات، سەوز و لیبراڵەکان کە کابینەی ئۆلاف شۆلتز پێکدەهێنن، پرۆسەکەش دەنگدانێکی ئاسایی بێ ئاستەنگ دەبێت، چونکە هاوپەیمانێتیی حکومەت لە کۆیی 733 کورسی پەرلەمان 415 کورسی بوندستاگ لە ژێر فەرمانڕەوایەتیاندایە.
 
ئەرکی ئێستای سوپای ئەڵمانیا تاوەکو 31-10-2024 دەبێت لە عێراق و یەکەمجارە بۆ 15 مانگ درێژ بکرێتەوە، پێشووتر تەنیا بۆ 12 مانگ بووە.