لە ئۆپسالای سوێد مۆنۆمێنتێك بۆ “ژنی كورد” دروست دەكرێ
شاد محەمەد
رووداو - ستۆكهۆڵم
هەفتەی رابردوو لە پاركی فادیمە لە شاری ئۆپسالای سوید، مۆنۆمێنتی فادیمە شاهینداڵ وەك سیمبولی قوربانیانی كولتووری ناموسپەرستی بە ئامادەبوونی سەتان چالاكوان و دەیان بەرپرسی ئەو وڵاتە و ئامادەبوونی تەنیا یەك كورد، دانرا.
دانانی ئەو مۆنۆمێنتە خەونی لەمێژینەی چالاكوانانی ئەو بوارەیە و وەك یەكێك لە ئەندامانی باڵای مەراسیمەكە بە (رووداو)ی گوت “دوو لە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی چەپ، دوای زیاتر لە 3 ساڵ بەم هەوڵەیان گەیشتن”. ماری و هاوڕێكەی كە لە سەركردایەتی پارتی چەپی سویدن، بە خۆشحاڵییەوە لە مەراسیمەكەدا گوتیان “خەونێكمان هاتەدی”.
دانانی ئەو مۆنۆمێنتەی فادیمە لە پاركێك بەناوی فادیمە شاهینداڵ لە شارێكی ناسراوی ئەو وڵاتە مانایەكی قووڵی هەیە و وەك وەزیری كاروباری یەكسانی ئەو وڵاتە دەڵێت “خەباتی دوای 12 ساڵە”. پاركەكە ساڵی 2012 و دوای هەوڵی چالاكوانان و بەتایبەت شێخی مافی مرۆڤی ئەو شارە هانس رێختەر بەفەرمی بەناوی فادیمەوە كرا. ئەمساڵیش دانانی ئەو مۆنۆمێنتە مانایەكی دیكەی هەبوو، كە جێی خۆشحاڵی چالاكوانان و سیاسییەكانی سوید و پێناخۆشبوونی ژمارەیەكی زۆر لە كوردانە.
كرۆكی ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی كاری رێكخراوێك كۆبووەتەوە بەناوی رێكخراوی هەرگیز پێلا و فادیمە لەبیر ناكەین (Glöm aldrig Pela och Fadime) ، كە دوای كوشتنی هەریەك لە پێلا ئەتروشی و فادیمە شاهینداڵ لەلایەن كۆمەڵێك كەسایەتی ناسراوی بوارەكانی مافی مرۆڤ و ژنانی كورد و سویدی دامەزرا.
سارا محەممەد، سەرۆكی رێكخراوەكە كە كوردێكی تاراوگەنشینە، بە (رووداو)ی گوت “ساڵانی رابردوو كورد زۆر لە دژی ئەم كەمپینانە دەوەستانەوە و ئامادەنەبوونی ئەوانیش لە رێوڕەسمەكە درێژكراوەی ئەو هەستەیە”. ئەو كە تاكە كوردی ئامادەبووی ئەو مەراسیمە بوو، بە شانازییەوە باس لە فادیمە دەكات “فادیمە سیمبولێكە بۆ ئازایەتی ژنانی نەتەوەیەك نەك جێگەی شەرم بێت وەك زۆر لە كوردانی ئێرە تێگەیشتوون”.
سارا محەممەد لەبارەی مۆنۆمێنتەكەوە گوتی “مۆنۆمێنتەكە بەناوی فادیمەیە، بەڵام گوزارشتە لەو ژنانەی بوونەتە قوربانی كولتووری ناموسپەرستی”. هەروەها گوتی “دەیان كوڕ و كچی ئەو وڵاتە بەدەست ئەم كولتوورەوە دەناڵێنن”.
فادیمە شاهینداڵ مێدیاكار و چالاكوانی مافی مرۆڤ، كوردی تاراوگەنشین و لە خێزانێكی كوردی باكووری كوردستان بوو، دوای چەندین هەڕەشە و دەستدرێژی، لە 21/1/2002 لەلایەن باوكیەوە كوژرا. لەو دەمەوە و لە ئاستی كۆمەڵگە و مێدیای سویدی و ئەوروپیدا، فادیمە شاهینداڵ وەك سیمبولی قوربانیانی كوشتن بە پاساوی ناموسپەرستی ناوزەدكراوە.
ماریا ئێرنهۆڵم وەزیری كاروباری یەكسانی و دادپەروەری دەوڵەتی سوید كە لە مەراسیمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد، گەڕایەوە بۆ رووداوەكەی 11 ساڵ لەمەوبەر و گوتی “11 ساڵە فادیمە كوژراوە، 11 ساڵە خەبات دەكرێت، 11 ساڵە گەنجان فێردەكرێن، 11 ساڵە خەبات بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە كولتوورێكی توندوتیژ دژ بە ژنان بەرەوپێش دەچێت”.
مۆنۆمێنتەكە پەیكەری درەختێكە كە لە پرچی فادیمە شاهینداڵەوە وەرگیراوە و ئاوێنەیەكی لەخۆ گرتووە، كە دەگەڕێتەوە بۆ وێنەیەكی رابردووی فادیمە شاهینداڵ، هەمان ئەو وێنەیەی دوای رووداوی كوشتنی ئەو لە زۆر لە رۆژنامەكاندا بڵاوبووەوە.
پەیكەرساز هانا بێلینگ كە مۆنۆمێنتەكەی دروستكردووە، دەڵێت هەركەسێك سەیری بكات خۆی لەنێو ئاوێنەكە دەبینێت و دەبێتە بەشێك لە مۆنۆمێنتەكە. بە بڕوای ئەو “ئەمەش بەرپرسیارێتی خود لە رووداوەكان و لەو كولتوورە نیشان دەدات”. هانا بێلینگ دەشڵێت “دەمێكە بیرم لە كارێكی دەگمەن دەكردەوە كە گوزارشت لە هێنانە كایەی دنیایەكی باشتر بكات، پێموابێ فادیمە و كەیسەكەی لەو ئاستەدا بوون”.
هەواڵی كوشتنی ژنان بە بیانووی كڕینەوەی شەرەف و نامووسی خێزان، زوو زوو لە رۆژنامەكانی سوێد بڵاودەبنەوە. بەبڕوای سارا “كوردانی سوێد بەشێكن لە كولتووری نامووسپەرستی” و گوتی “راستە قوربانیانی ئەو كەیسە كەم نین، بەڵام لە كۆی سەدان كەیس و نەتەوە و پێكهاتەی زۆر، كورد تەنیا بەشێكە”. ئەو قسانەی ئەو لەو روانگەیەوە سەرچاوەی گرت كە ئەوان هەمیشە بوونەتە جێی رەخنەی زۆر لە كوردان بەوەی ئەو جۆرە كارانە و ناوهێنانی كورد و قوربانییەكان ناوی كورد دەزڕێنێ.
ساگا لوێنلیند یەكێكی دیكە لە سەرپەرشتیارانی مەراسیمەكە كە ئێستا ئەندامێكی چالاكی بوارەكانی مافی ژنانە لە سوید، گوتی “ئەمە سەرەتای ئەو خەباتەیە كە قەت كۆتایی نایەت”. ساگا زڕخوشكی كچە كوردێكە بەناوی ماری بارین كە ساڵی رابردوو لەلایەن برایەكی و بە هاندانی باوكی كوژرا و براكەی ئێستا لە گرتووخانەدایە و باوكیشیان رایكردووە و لە كوردستان دەژی. ساگا لەدوای كوشتنی ماری بارینی خوشكییەوە هاتووەتە مەیدانی خەبات و ئێستا وەك كچە چالاكوانێك خەبات دژی توندوتیژی دەكات و دەڵێت “ئەو مۆنۆمێنتە ئاماژەیە بۆ هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتییان هەیە لە كولتووری توندوتیژی دژ بە ژنان بە پاساوی ناموسپەرستی”.