ترەمپ: سەرۆک پووتین و سەرۆک زیلینسکی دەخوازن کۆتایی بە جەنگ بێت

رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، رێککەوتن کە سەرجەم هێرشەکانی سەر ناوەندەکانی وزە و ژێرخانەکان رابگرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئۆکراینا دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگی سێ ساڵەی نێوان وڵاتەکانیان بێت.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیال" رایگەیاند: "ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی زۆر باش و بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆک پووتینی رووسیا ئەنجامدا."
سەرۆکی ئەمریکا نووسیوویەتی: "رێککەوتین لەسەر راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست لە هەموو ناوەندە وزەیی و ژێرخانەکان؛ بە خێرایی کار دەکەین بۆ ئەوەی ئاگربەستێکی تەواومان هەبێت کە دواجار، کۆتایی بەم جەنگە مەترسیدارەی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "ئەم جەنگە هەرگیز دەستیپێنەدەکرد ئەگەر من سەرۆک بوومایە!"
ترەمپ هەروەها دەڵێت: "زۆر لە گۆشەکانی گفتوگۆی ئاشتییانە قسەیان لەسەر کرا، لەوانە ئەو راستییەی هەزاران سەرباز دەکوژرێن. سەرۆک پووتین و سەرۆک زیلینسکی دەیانەوێت کۆتایی بەم جەنگە بێت. ئەو پرۆسەیە (هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە) بە تەواوی دەستیپێکردووە و کاریگەرە؛ هیواداریشین لە پێناو مرۆڤایەتیدا کارەکە تەواو بکەین!"
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و پووتین نزیکەی 90 خولەک تاوەکو دوو کاژێری خایاند.