کریملن: پووتین رازیبووە 30 رۆژ هێرش لەسەر کەرتی وزەی ئۆکراینا بووەستێنێت

رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی رووسیا یەک کاژێر و نیو بە تەلەفۆن قسەیان کرد و هاوڕابوون، گرنگە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا کۆتایی بێت.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە، هەردوو سەرۆک "باسیان لە پێویستیی ئاشتی و ئاگربەست لە جەنگی ئۆکراینا کرد؛ هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەم ململانێیە دەبێت بە ئاشتییەکی درێژخایەن کۆتایی بێت؛ هەروەها جەختیان لە پێویستیی باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا کردەوە."
کۆشکی سپی رایگەیاندووە: "هەردوو سەرۆک هاوڕابوون لەوەی ئەو خوێن و سامانەی ئۆکراینا و رووسیا لەم جەنگەدا بەفیڕۆیان داوە، باشترە بۆ پێداویستییەکانی گەلەکەیان خەرجی بکەن. ئەم ململانێیە نەدەبوو دەست پێ بکات و دەبوو زۆر زووتر بە هەوڵی دڵسۆزانە و بە نیەتی پاک کۆتایی بهاتایە."
کۆشکی سپی دەڵێت: "هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئاشتی و ئاگربەست، بە ئاگربەست بۆ سەر وێستگە وزەیی و ژێرخانی ئابووری دەست پێ بکات؛ هەروەها رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی دەریایی لە دەریای رەش، دواتر ئاگربەستی تەواو و ئاشتی هەمیشەیی. ئەم گفتوگۆیانە دەستبەجێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێدەکەن."
کۆشکی سپی دەڵێت، هەردوو سەرۆک بە شێوەیەکی بەرفراوان باسیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد وەک ناوچەیەک توانای هاوکاریکردنی هەیە بۆ رێگریکردن لە ململانێی داهاتوو، "هەروەها باسیان لە پێویستیی راگرتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ستراتیژی کرد و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەرفراوانتر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە: "هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکی دووقۆڵیی باشتر لەنێوان ئەمریکا و رووسیادا هەبێت و ئەوەش لایەنی ئەرێنی زۆر گەورەی دەبێت. کاتێکیش ئاشتی بەدەست دەهێندرێت، مامەڵەی ئابووریی زەبەلاح و سەقامگیریی جیۆپۆلەتیکی لەخۆدەگرێت".
هاوکات سەرۆکایەتی رووسیا (کریملن) راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیەکی "چڕ و راشکاوانەیان" لەبارەی ئۆکرایناوە کرد.
کریملن دەڵێت، پووتین بە پێشنیازەکەی ترەمپ رازی بووە کە بۆ 30 رۆژ هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراینا رابگرن؛ هەروەها پووتین رایگەیاندووە: "مەرجێکی سەرەکی بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی ئەو شەڕە و کارکردن بەرەو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی ئەوەیە کە هاوکارییە سەربازییەکانی دەرەوە و دابینکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ کیێڤ رابگیرێن."
سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، "پووتین و ترەمپ لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەکانیان و لەسەر پێکهێنانی چەند لیژنەیەک لەبارەی ئۆکراینا رێککەوتن."
وەک یەکەم هەنگاو بەرەو رێککەوتنی ئاگربەست، هەریەک لە رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی 175 دیلی رێککەوتن.
دەقی راگەیێندراوی کۆشکی سپی:
ئەمڕۆ سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پووتین لەبارەی پێویستی ئاشتی و ئاگربەست لە جەنگی ئۆکرانیا قسەیان کرد. هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئەم ململانێیە دەبێت بە ئاشتییەکی بەردەوام کۆتایی بێت؛ هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا کردەوە.
ئەو خوێن و سامانەی کە هەریەکە لە ئۆکرانیا و رووسیا لەم جەنگەدا بەفیڕۆیان داوە، باشتر دەبوو بۆ پێداویستییەکانی گەلەکەیان خەرج بکرایە. ئەم ململانێیە هەرگیز نەدەبوو دەست پێبکات و دەبوو زۆر پێش ئێستا بە هەوڵی ئاشتییانەی دڵسۆزانە و بە نیازپاکی کۆتایی پێبهاتایە.
سەرۆکەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە هەنگاو بەرەو ئاشتی بە ئاگربەست لە وزە و ژێرخانی ئابوورییەوە دەست پێدەکات، هەروەها گفتوگۆی تەکنیکی لەسەر ئاگربەستێکی دەریایی لە دەریای رەش، دواتر ئاگربەستی تەواو و ئاشتی هەمیشەیی. ئەم گفتوگۆیانە دەستبەجێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێدەکەن.
سەرۆکەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان کرد وەک ناوچەیەک کە دەتوانرێت هاوکاربێت بۆ رێگریکردن لە ململانێی داهاتوو؛ هەروەها باسیان لە پێویستی راگرتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ستراتیژی کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهانیش کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە فراوانترین جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. هەردوو سەرۆک هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران هەرگیز لە دۆخێکدا بێت کە بتوانێت ئیسرائیل لەنێوببات.
هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر ئەوەی داهاتوویەک لەگەڵ پەیوەندییەکی دووقۆڵیی باشتر لە نێوان ئەمریکا و رووسیادا سوودێکی زۆری دەبێت. ئەمەش مامەڵەی ئابووری گەورە و سەقامگیری جیۆپۆلەتیکی لەخۆدەگرێت کاتێک ئاشتی بەدیهات.
گرنگترین خاڵەکانی راگەیێندراوەکەی کریملین
- پووتین سوپاسی هەوڵەکانی ترەمپی کرد بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان.
- پووتین رایگەیاند کە پێویستە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانەکە لاببرێن و بەرژەوەندییە رەواکانی رووسیا لە بواری ئاسایشدا لەبەرچاو بگیرێن.
- بۆ دەستپێکردنی ئاگربەستێکی 30 رۆژی، پووتین چەند خاڵێکی گرنگی دەستنیشان کرد: هەبوونی ئاگربەست لە سەرانسەری هێڵی پێشەوە، راگرتنی سەربازی زۆرەملێ لە ئۆکرانیا
- راگرتنی تەواوی هاوکارییە سەربازییەکانی دەرەوە و پێدانی زانیاریی هەواڵگری بۆ کیێڤ.
- پووتین ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر خۆیان بەدەستەوە بدەن، ئەوا گەرەنتی ژیانی سەربازانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا و مامەڵەی شیاو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات.
- ترەمپ پێشنیاری ئەوەی کرد کە هەردوولا بۆ 30 رۆژ دەست لە هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی ژێرخانی وزە هەڵبگرن. پووتین دەستبەجێ فەرمانی بە سوپای رووسیا کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو داوایە.
- ترەمپ پێشنیازی پاراستنی هەر جووڵەیەکی لە دەریای رەش کرد؛ پووتین ئەم پێشنیازەی پەسند کرد.
- پووتین رایگەیاند کە لە 19ی ئادارەوە ئاڵوگۆڕی زیندانییان لەنێوان لایەنەکانی رووسیا و ئۆکرانیا ئەنجام دەدرێت - 175 کەس بە 175 زیندانی و 23 سەربازی ئۆکراینی کە بە سەختی بریندار بوون، دەگوازرێنەوە بۆ لایەنی ئۆکراینی.
- پووتین و و ترەمپ جەختیان لەسەر نیازی خۆیان کردەوە بۆ پێکهێنانی گرووپە پسپۆڕییەکانی رووسیا و ئەمریکا.
- پووتین و ترەمپ باسیان لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای سوور کرد؛ هەروەها هەوڵە هاوبەشەکانیان لە بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و ئاسایشی جیهانی دووپات کردەوە؛ جەختیان کردەوە کە ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمریکا.
- هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاری لە بواری ئابووری و وزە لە داهاتوودا.
- ترەمپ پشتگیری لە بیرۆکەی پووتین کرد بۆ رێکخستنی یارییەکانی هۆکی لە ئەمریکا و رووسیا لە نێوان یاریزانانی رووسی و ئەمریکیدا.
- هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە لەسەر هەموو ئەو پرسانەی کە خراونەتەڕوو لە پەیوەندیدا بن.