پەیامنێرانی بێ سنوور: هەڵوەشاندنەوەی میدیا فیدراڵییەکانی ئەمریکا ژیانی رۆژنامەڤانان دەخاتە مەترسییەوە

رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور هۆشداری دەدات لە "دەرهاویشتەی مەترسیدار"ـی بڕیارەکەی ترەمپ بە وەستاندنی هاوکارییە داراییەکانی تایبەت بە دەزگا میدیاییە فیدراڵییەکانی ئەمریکا و دەرکردنی کارمەندەکانیان، دەشڵێت "ژیانی رۆژنامەڤانان دەخاتە مەترسییەوە."
ئیدارەی ترەمپ، سەرجەم هاوکارییە داراییەکانی تایبەت بە ژمارەیەک میدیای فیدراڵی ئەمریکای وەستاندووە و، ستاف و کارمەندانی ئەو ئاژانسانەیان رەوانەی ماڵەوە کردووەتەوە.
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور هۆشداری دەدات لەو هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ و لە راگەیێندراوێكیاندا کە رۆژی دووشەممە (17-3-2025) بڵاویان کردووەتەوە، هاتووە "رێکخراوەکەمان زەنگی هۆشدارکردنەوە لێدەدات لەو مەترسییانەی رووبەڕووی تیمی کارمەند و رۆژنامەڤانانی سەر بە ئاژانسی ئەمریکا بۆ میدیای جیهانی دەبێتەوە."
ئاژانسی ئەمریکا بۆ میدیای جیهانی، ئاژانسێكی فیدراڵییە سەرپەرشتیی ژمارەیەک ئاژانسی میدیایی دەکات، لەنێویاندا رادیۆی ئەورووپای ئازاد، "رادیۆ لیبێرتێ" واتە رادیۆی ئازادی کە لە سەردەمی شەڕی ساردی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێتی جاران دامەزرێندرا؛ هەروەها سەرپەرشتیی رادیۆی ئاسیای ئازاد دەکات کە هەواڵ بە چەندین زمان لە ناوچەکانی چین، کۆریای باکوور و وڵاتانی دیکەی ئاسیا بڵاودەکاتەوە.
بڕیاری وەستاندنی هاوکارییە داراییەکان و رەوانەکردنی کارمەندەکان، دەنگی ئەمریکاشی گرتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 300 کارمەند بە یەک ئیمەیڵ رەوانەی ماڵەوە کرانەوە.
ترەمپ دەڵێت؛ سەرجەم ئەو ئاژانسانە بە پارەی باجدەرانی ئەمریکی پارەدارکراون، لەکاتێكدا ئەوان بەرپرسن لە بڵاوکردنەوەی "پڕوپاگەندەی پەڕگیر."
دامەزراندنی ئەو ئاژانسانە بە پلەی یەکەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی چین و رووسیا بووە.
تیبۆ بروتن، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور گوتی "ئیدارەی ترەمپ، کارێكی سەرسوڕهێنەر و جێی داخ دەکات؛ بە وەستاندنی هاوکارییە داراییەکان و کۆتاییهێنان بە کاری ئەو ئاژانسە میدیاییانە لە سەرانسەری جیهان دا، رێگە بە چین و مۆسکۆ دەدات؛ ئازادانە و بێ هیچ بەربەستێك پڕوپاگەندەی خۆیان بڵاوبکەنەوە."
بروتن دەشڵێت، "ئەو کارەی ترەمپ جۆرە خیانەتێكە لەو 9 رۆژنامەڤانانەی ئاژانسی ئەمریکا بۆ میدیای جیهانی، کە بەهۆی کارەکانیانەوە ئێستا لە زیندانەکانی ئازەربایجان، بێلاڕووس، بۆرما، رووسیا و ڤێتنامدان و بە هەڵوەشاندنەوەی دەزگاکانیان، ژیانیان لەو زیندانانە دەخاتە مەترسییەوە."
هەردوو میدیای فەرەنسی و ئەڵمانی، "فرانس میدیا مۆند" و "دۆیچە ڤیلە" راگەیێندراوی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەو هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ ژیانی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان دەخاتە مەترسییەوە، چونکە ئەو هەموو خەڵکە لە وڵاتانی جیهان، بێبەش دەبن لەو هەواڵ و زانیارییە پشتڕاستکراو، هاوسەنگ و بێلایەنانە، کە ئەو ئاژانسە ئەمریکییانە پێشکێشیان دەکردن"؛ راشیانگەیاند "ئەو هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ، نیگەرانی قووڵی لێدەکەوێتەوە بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی دێرینی ئەمریکا لە بەرگریکردن لە ئازادیی رۆژنامەڤانی."