حکومەتی دانیمارک بەشێک لە پەناخوازانی سووری دەنێرێتەوە

رووداو - هەولێر

بەرپرسانی دانیمارک دەڵێن، دۆخی پارێزگای لازقیەی سووریا لەبارە بۆ گەڕانەوەی ئەو پەناخوازانەی لەوێوە چوونەتە وڵاتە ئەوروپییەکە. ئەوەش نیگەرانیی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی لێکەوتووەتەوە. 
 
دەستەی تانەلێدانی پەناخوازانی دانیمارک لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "باشبوونی دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە وایکردووە گەڕانەوەی پەنابەران سەلامەت بێت". 
 
هەرکاتێک ئاژانسی کۆچبەرانی دانیمارک بیەوێت مۆڵەتی مانەوە لە پەناخوازێک وەربگرێتەوە، کەیسەکە دەچێتە بەردەم دەستەی تانەلێدان بۆ پێداچوونەوە بە کەیسەکەدا. دەستەکە باڵاترین دەسەڵاتە لە کەیسی پەناخوازان و پەنابەراندا لە دانیمارک. 
 
پارێزگای لازقیە لە رۆژئاوای سووریا دەکەوێتە سەر دەریای نێودەڕاست و لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سووریادایە. بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، ئەو پارێزگایە کەمتر شەڕ و پێکدادانی تێدا بووە. 
 
بەگوێرەی ئاژانسی کۆچبەرانی وڵاتەکە، لە ساڵی 2019ـەوە حکومەتی دانیمارک مافی مانەوەی لە 150 هاووڵاتیی سووری سەندووەتەوە کە دانیشتووی دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری بوون. 
 
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەوە رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی دانیمارک "نیگەرانکەرە" و دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان "پێی وانییە دۆخی ئەمنی لە سووریا گونجاو بێت" بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بگەڕێندرێنەوە ئەو وڵاتە. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، هەریەکە لە دانیمارک و هەنگاریا، دوو وڵاتی یەكێتیی ئەوروپان کە لە ماوەی رابردوودا مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان لە پەناخوازانی سووری وەرگرتووەتەوە.