بەربژێرێکی کورد لە ئەڵمانیا: دەمانەوێت دەرفەتی کۆچی یاسایی بۆ کەسانی شارەزا بڕەخسێنین

18-02-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
سەردار یوکسەل، کوردە ناودارەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانە
سەردار یوکسەل، کوردە ناودارەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانە
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەردار یوکسەل، کوردە ناودارەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانە. دوای 14 ساڵ پەرلەمانتاری لە هەرێمی نۆردراین ڤێستڤالەن، ئێستا شەڕی چوونە نێو پەرلەمانی فیدراڵ دەکات. ئەو دەڵێت، دەیانەوێت دەرفەتی کۆچی یاسایی بۆ کەسانی شارەزا بڕەخسێنین. 
 
سەردار یوکسەل، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتەکان دەڵێت: "گرنگە کورد و ئەو کەسانەی رەچەڵەکی کوردییان هەیە، لە پەرلەمانی ئەڵمانیادا نوێنەریان هەبێت، بۆ ئەوەی داواکارییەکانی کورد، بەتایبەت لە کوردستان و باکووری عێراق، ببیسترێت و ئەو پردەی کە لە 15 ساڵی رابردوودا دروستمان کردووە، ئێستا لە بەرلین نوێنەرایەتی بکرێت." 
 
باوانی سەرداری تەمەن 51 ساڵان خەڵکی باکووری کوردستانن. خێزانەکەی لە ساڵی 1964 بۆ ئەڵمانیا کۆچیان کردووە و له‌ شاری ئێسن له‌دایكبووه‌. 36 ساڵە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانە. بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ماندوونەناسانە بانگەشە دەکات، چونکە پێیوایە دیموکراسی لە مەترسیدایە.
 
سەردار یوکسەل دەڵێت: "حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) کار بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی دەکات. لە راستیدا دیموکراسی لە ئەڵمانیا لە 75 ساڵی دوای دامەزراندنی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیاوە هێندە لە مەترسیدا نەبووە. ئێمە حیزبێکی راستڕۆی توندڕۆ و فاشیستمان هەیە کە دەیەوێت دیموکراسی لێرە لەنێو ببات. دەبێت ئەمە زۆر، زۆر بە جیدی وەربگیرێت. لە وڵاتانی دیکە خەڵک دەچنە سەر شەقامەکان و گیانیان دەبەخشن بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیدا بژین و دەنگ بدەن. بەڵام دەبینین کە زۆر کەس بەداخەوە لە ماڵەوە دەمێننەوە. من داوا لە هەموو کوردەکان دەکەم، مافی خۆتان بەکاربێنن، بچن دەنگ بدەن و ئەم دیموکراسییە بۆ دوژمنانی دیموکراسی بەجێ مەهێڵن."
 
سەردار جگە لە کاری حیزبی و پەرلەمانی، لە دەیان رێکخراوی تایبەت بە کۆچبەران بەرپرس و ئەندام بووە. پلانی لەپێشینەی وەک رابردوو، پاراستنی کۆچبەران بەتایبەت رەوەندی کوردییە لە ئەڵمانیا.
 
ئەو بەربژێرە کوردە دەڵێت: "بۆ ئێمە گرنگە کە دوو وڵاتینامەیی لە ئەڵمانیا بمێنێت. ئێستا دەکرێت کەسێک وڵاتینامەی خۆی بپارێزێت و هاوکات وڵاتینامەیەکی نوێش، وەک ئەوەی ئەڵمانیا، وەربگرێت. خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئێمە نابێت سنوورەکانمان  دابخەین، دەبێت سنوورەکان کراوە بمێننەوە. ئەو کەسانەی لە جەنگ و راگواستن هەڵدێن، نابێت بە تەلی دڕکاوی و پەرژین و دیوار لە سنوورەکان رێگرییان لێ بکرێت، بەڵکو دەمانەوێت وەک وڵاتێکی کراوە بەڕووی جیهاندا، دیموکرات و ئازاد بمێنینەوە."
 
خاڵی سێیەم ئەوەیە کە "ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی یاسای کۆچی کەسانی شارەزاوە، کە پێموایە زۆر گرنگە، دەرفەت بۆ خەڵک بڕەخسێنین کە بێ ئەوەی وەک پەنابەر بێن، بە شێوەیەکی ئاسایی وەک کرێکار، بۆ نموونە لە کوردستانەوە، بێنە ئەڵمانیا. لەم نزیکانەشدا رێگای یاسایی دەبێت، کە کەسێک بتوانێت بە ڤیزای کاری ئاسایی بێتە ئەڵمانیا." 
 
سەردار لە ساڵی 2010ـەوە بووەتە پەرلەمانتاری هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵن و چوار هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەک، توانیویەتی متمانەی دەنگدەرانی گەورەترین هەرێمی ئەڵمانیا بەدەست بێنێت و نوێنەرایەتی دەنگەکانی کۆمەڵگەی کۆچبەران بەتایبەتی رەوەندی کوردی دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: Reuters

ترەمپ و پووتین بە تەلەفۆن لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا قسەیان کرد

کۆشکی سپی دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین بە تەلەفۆن لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا قسەیان کرد و "پەیوەندییەکە ئەرێنی" بووە.