رووداو دیجیتاڵ
تەمەنی سەرۆکایەتیی جۆ بایدن کەمتر لە 24کاژێری ماوە، سەرۆکە 82 ساڵییەکەی ئەمریکا لە چوار ساڵی رابردوودا لەبەردەم کامێرا و چاوی جیهان، چەندین هەڵەی کرد و چەند جارێکیش بە خراپی کەوت.
رۆژی 11-07-2024، جۆ بایدن میوانداری ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا تێکەڵی کرد و دوو جار سەرۆکی ئۆکراینای بە ناوی سەرۆکی رووسیا بانگکرد.
بایدن لە کاتی قسە کردن لەگەڵ زیلینسکی گوتی، "ئێستاش دەمەوێت کات بە سەرۆکی ئۆکراینا بدەم کە بوێرییەکی زۆری هەیە. بەڕێزان و خانمان، سەرۆک پووتین، سەرۆک پووتین، ئەو پووتین دەبەزێنێت. سەرۆک زیلینسکی."
بایدن لە هەمان رۆژ و هەمان شوێن، کەمالا هاریسی جێگری و دۆناڵد ترەمپی تێکەڵ کرد. بایدن لەکاتی قسە کردندا بە کەمالا هاریسی گوت، ""من ترەمپم وەکو جێگری خۆم هەڵنەدەبژارد ئەگەر بمزانیبا شیاوی سەرۆکایەتی نییە."
لە رۆژی 04-02-2024، لە ویلایەتی نێڤادای ئەمریکا، بایدن وایزانی لەگەڵ فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کۆبوونەوەی کردووە کە 28 ساڵە کۆچی دوایی کردووە.
بایدن گوتی، "دوای ئەوەی بە سەرۆک هەڵبژێردرام، لەگەڵ سەرکردەکانی ناتۆ لە باشووری بەریتانیا بەشداریم لە کۆبوونەوەی گرووپی 7 کرد. دانیشتم و گوتم ئەمریکا گەڕایەوە. میتران پێی گوتم، چی؟ چۆن؟ چەند دەبێت؟"
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی 28-06-2023، لە واشنتن لەلایەن رۆژنامەڤانێکە لەبارەی پووتینەوە پرسیاری لێدەکرێت، ئەویش جەنگی ئۆکراینا و رووسیای لێ تێکەڵ دەبێت و وادەزانێت رووسیا لەگەڵ عێراق لە جەنگدایە نەوەک ئۆکراینا.
رۆژنامەڤان: "تاوەکو چەند ڤلادیمیر پووتینتان لاواز کردووە؟"
بایدن: "قورسە پێشبینی بکەین، بەڵام بە روونی دیارە کە جەنگەکە لە عێراق دەدۆڕێنێت، خەریکە لە خاکی خۆی دەیدۆڕێنێت."
بایدن لە رۆژی 01-07-2023، لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ و لە لە رێورەسمی دەرچوونی ئەکادیمیای هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا، کەوت.
لە ویلایەتی دێلاوێریش لە 28-06-2022، کە ئەو کات تەمەنی 79 ساڵ بوو، نەیتوانی پاسکیلەکەی بوەستنێت و کەوت.
هەڵەکان، تەمەن و تەندروستیی بایدن هەمیشە جێی رەخنەی کۆمارییەکان و بەتایبەت ترەمپ بوون و لەو رێگەیەوە هێرشی دەکردەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ