رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی تەقەکردنی بڵاودەبێتەوە، جێگری سەرۆکوەزیرانی کرواتیا نامەی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی پێشکێش کرد.
ئەمڕۆ (شەممە، 18-01-2025) جۆسیپ دابرۆ، جێگری سەرۆکوەزیرانی کرواتیا دەستی لەکار کێشایەوە. هۆکارەکەش، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکە کە تێیدا دەردەکەوێت کاتێک دەستی لە جامی ئۆتۆمبێلێک دەردەهێنێت و بە هەڕەمەکی تەقە دەکات.
ئەمە کەلێنەکانی کابینەی ئەندرێی پلێنکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کرواتیای زیاتر کرد؛ دوای ئەوەی ڤیلی برۆس، وەزیری تەندروستیی وڵاتەکە لە تشرینی دووەمی پار بەهۆی کەیسێکی گەندەڵییەوە لەکارلادرا.
دابرۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە نووسیی، "لێرەوە دەست لەکارکێشانەوەی خۆم رادەگەیێنم."
جۆسیپ دابرۆی 42 ساڵ، کە لە پارتی بزووتنەوەی نیشتمانیی راستڕۆی تووندڕۆیە، جگە لە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، لە هەمان کاتدا وەزیری کشتوکاڵیش بوو.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت؛ دابرۆ لە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە دانیشتووە، کاتەکەی شەوە، میوزیکێکی بەرز هەڵکراوە، کەسێک ئۆتۆمبێلەکە لێدەخوڕێت و دابرۆش بە دەمانچەیەک چەند جارێک تەقە دەکات. لە دوورەوە شوێنێک دەردەکەوێت کە چەند رۆشناییەک دیارن و پێدەچێت ماڵ بن.
دابرۆ لە نامەی دەست لەکار کێشانەوەکەی نووسی؛ "دەزانم ئەم دۆخە بارقورسیی زیاتر بۆ حکومەت و پارتەکەم دروستدەکات. نابێت دۆخی تایبەتی من سەرنجی حکومەت و وەزارەت لەسەر کارە گرنگەکانیان لابدات."
دابرۆ گوتیشی، ئەو ویستوویەتی گۆڕانکاریی زۆر لە وەزارەتەکەی بکات، دەشڵێ "رووبەڕووی گوشار و هەڕەشەی زۆر بوومەوە."
لەبارەی ڤیدیۆکە دابرۆ گوتی "بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ئەوکاتە راهێنانی تەقەکردنم دەکرد."
حکومەتی کرواتیا لە کاردانەوەی ڤیدیۆکەدا رایگەیاند "کارێکی نەگونجاو و نابەرپرسیارانەیە."
ئەندرێی پلێنکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کرواتیا لە (یەکێتیی کرواتیای دیموکرات HDZ)ـە و لەگەڵ پارتەکەی دابرۆ هاوپەیمانن. هەردوو پارتەکە لە ئایاری 2024 حکومەتیان پێکهێنا و دژەکۆچبەر، دژەهاوڕەگەزخواز و دژی لەباربردنی منداڵن.
ئیڤان پێناڤا، سەرۆکی پارتی HDZ رایگەیاند "ڤیدیۆکە شتێکی تایبەتە و بۆ کەسانێک نێردراوە کە هاوڕێی بەڕێز دابرۆن، ئەو بە هیچ جۆرێک ژیانی کەسی نەخستە مەترسییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ