رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "جاران قاچاخچییەکان وایاندەزانی دەستمان نایانگاتێ، بەڵام سوپاس بۆ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە وایانکردووە چیدیکە وانەبێت."
هەفتەی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لەندەن بوو. حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانە. هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەست بە گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران و رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی.
زۆر لەوانەی لە بەریتانیا دەژین لەم هەواڵە نیگەرانن، وا بڵاوکراوەتەوە کە لە ئێستاوە بەریتانیا دەستی بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران کردووە.
لەم بارەیەوە نەبەز بازیانی، رۆژنامەڤان لە لەندەنەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی کەیسیان یەکلا نەبووەتەوە لە بەریتانیا، ترسیان هەیە و دەڵێت، "بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لە سۆشیاڵ میدیا ترسی لەنێو کۆچبەران بڵاوکردووەتەوە، ئەو کەسانەی بەریتانیا دیپۆرتیان کردوونەتەوە، تاوانیان کردووە، بەڵام دیپۆرتکردنەوەیان پێویستی بە رەزامەندیی دادگەیە، یاخود ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کەیسەکانیان بە تەواوی داخراون."
ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر گەڕاندنەوەیەکی کۆچبەران دەبێت بە یاسا بکرێت و یەکلابکرێتەوە ئەو کەسانەی دیپۆرت دەکرێنەوە گیانیان سەلامەتە یان نا."
بازیانی ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی بەریتانیا باس لە "دیپۆرتکردنەوەی دیاریکراو" کراوە، بەڵام وردەکارییەکانیان ئاشکرا نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ