ئۆکراینا: رووسیا بە درۆن کیێڤی کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکراوەتە سەر کیێڤی پایتەختی وڵات، ئەوەش دوای ئەوە هات کە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوەندی شارەکە بیسترا.
رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2022 ئاندرێ یێرماک، سوپاسالاری ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی سێنچێنکیڤسکی لە نێوەڕاستی شاری کیێڤ؛ گوتیشی، "رووسیا بەو جۆرە بیردەکاتەوە کە ئەمە یارمەتییان دەدات، بەڵام ئەمە بێهیوابوونیان دەردەخات".
یێرماک داواشی لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر بدەنە ئۆکراینا.
دوای بیستنی دەنگی تەقینەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کیێڤ لێدرا. ئەوەش رێک هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە رووسیا بە 84 مووشەک و ژمارەیەک درۆن هێرشی کردە سەر کیێڤ و ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا. بەگوێرەی بەرپرسانی ئۆکراینا، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە 19 کەس گیانیان لەدەستدا و 105 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەوکات، بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند کە سوپای رووسیا بە درۆنی جۆری شاهیدی دروستکراوی ئێران بەشێکی هێرشەکانی ئەنجامداوە.
رۆژی 11ـی تشرینی یەکەم، یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت کە هێزەکانیان توانیویانە 15 درۆنی ئێرانی بخەنە خوارەوە.