ئەمریکا دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتیدا گرتبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رەتیدەکاتەوە ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتیدا گرتبێت و دەڵێت، گوتەکانی راست نین.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رۆژی هەینی 15ی ئەیلوول بڵاویکردەوە، "هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران لە ماوەی دوو رۆژدا دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە." بەڵام، گوتەبێژێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی دەڵێت، هیچ ئاماژەیەک لەئارادا نییە شتێکی لەو جۆرە روویدابێت.
گوتەبێژەکە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "ئێمە ئاگاداری ئەوە نین بەمدواییانە دەست بەسەر هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگردا لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا گیرابێت. هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشانمان، ئامادەن بۆ یارمەتیدان لە پاراستنی سەقامگیریی رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوە و ئازادیی دەریاگەری لە کەنداودا."
راپۆرتی میدیای ئێران بە پشتبەستن بە قسەی محەممەد شەریف شیرعەلی، کە فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانە، گوتی، کەشتییە نەوتهەڵگرەکان هەڵگری ئاڵای پەنەما و تەنزانیا بوون و سەرقاڵی گواستنەوەی زیاتر لە 1.5 ملیۆن لیتر نەوت و گازی ئێران بوون.
بەگوێرەی میدیاکە، شیرعەلی رایگەیاندووە، "پاسداران یاوەریی کەشتییە دەستبەسەرداگیراوەکانیان کرد بۆ بەندەری مەهشەهر" لە باشووری رۆژئاوای ئێران.
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، 37 دەریاوانی کەشتییەکان رادەستی دامودەزگاکانی مەهشەهر کراون.
لەم هەفتانەی دواییدا، سوپای ئەمریکا هێز و جموجۆڵەکانی لە کەنداو زیادکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی کە ئێرانی تۆمەتبار کرد بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان.