زیاتر لە 400 گەشتی ئاسمانی لە فەرەنسا هەڵدەوەشێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە فڕۆکەخانەی چارلیس دی گوێلا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ زۆربەی گەشتەکان نووسراوە "هەڵوەشاوەتەوە." هۆکارەکەشی مانگرتنی کارمەندانی کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەکەیە دژی کەمی مووچەکانیان؛ هەروەها دواکەوتنی گەشتەکان ناڕەزایەتی گەشتیارانی لێکەوتووەتەوە.
 
جولین مارتینیز، گەشتیارێکە لە فڕۆکەخانەی چارلیس دی گوێلا لە پاریس و دەڵێت، "ئێمە لە وڵاتی مۆریشسەوە هاتووینەتەوە، لەوێ لە مانگی هەنگونیدا بووین؛ گەشتەکەمان بۆ شاری لیۆنی فەرەنسایە و بڕیاربوو کاژێر 10ـی بەیانی گەشتەکە بکرێت، بەڵام هەڵوەشایەوە و ئێمەیان خستە گەشتێکی دیکە کە کاژێر 9:55 خولەکی شەو ئەنجامدەدرێت." 
 
بەهۆی مانگرتنی کارمەندانی فڕۆکەخانەکەوە تەنها رۆژی هەینی 16-09-2022؛ 420 گەشت هەڵوەشانەوە، تەنها 45٪ـی گەشتە کورت مەوداکان و 90٪ـی گەشتە دوور مەوداکان ئەنجامدران. هەنگاوەکە کاریگەریی لەسەر 80 هەزار گەشتیار هەبوو. 
 
ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارەکان دەڵێن، کارمەندەکان مافی خۆیانە داوای مووچەی زیاد دەکەن، بەڵام نیگەرانن لەوەی بڕیارەکەیان کاریگەریی لەسەر ژیانی ئەوانیش هەیە. 
 
فیلیپ ماتیو، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "دەستکەوتنی ژوور بۆ مانەوە بۆ یەک شەو ئاسان نەبوو؛ ئەوەش هەر بەسەر ئێمەدا نەهاتووە، هۆتێل تێچووی هەیە و ئێمە تووشی زیان دەبین. ئێمە رۆژێک لە پشووەکەمان فەوتا و ئەوەش زۆر بێزارمان دەکات."
 
سەرەکیترین هۆکاری ئەو دۆخەی ئەوروپای گرتووەتەوە کاریگەریی شەڕی رووسیا و ئۆکراینایە. بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای فلایت وێر، لە کانوونی دووەمەوە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران، 121,918 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندراونەتەوە و یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەو ژمارە زۆرەش، بریتی بووە لە مانگرتنی کارمەندان.