کۆریای باکوور دوو مووشەکی کرووز تاقیدەکاتەوە


رووداو - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور دەڵێت، کۆریای باکوور دوو مووشەکی کرووزی تاقیکردووەتەوە، ئەمەش یەکەمین تاقیکردنەوەی پیۆنگیانگە لەدوای چەندین هەفتەی ئارام لە نیمچە دوورگەی کۆریا.
 
بەرپرسێکی سەربازیی کۆریای باشوور بە میدیای فەرەنسی راگەیاندووە، ئەم بەیانییە درکیان بە تاقیکردنەوەی دوو مووشەکی کرووز کردووە کە کۆریای باکوور لە ئۆنچۆنی باشووری پیۆنگیانگ ئاراستەکراوە و لەنێو "دەریای زەرد" یاخود دەریای رۆژئاوا کەوتووەتە خوارەوە.
 
ئەم تاقیکردنەوانەی کۆریای باکوور لەکاتێکدایە، هەریەک لە ئەمریکا و کۆریای باشوور، رۆژی سێشەممە دەستیانکرد بە مەشقێکی سەرەتایی هاوبەش، بڕیاریشە رۆژی 22ی ئابی ئەمساڵ دەستبکەنەوە بە مەشقی فەرمیی ساڵانەیان.
 
لە 28ی تەممووزی ئەمساڵ و لە 69 ساڵەی وەستانی جەنگی کۆریا، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار هەڕەشەی کرد کە پیۆنگیانگ ئامادەیە جووڵە بە چەکی ئەتۆمی بکات.
 
کیم رەخنەی تووندی لە یوون، سەرۆکی کۆریای باکوور هەیە و بە "مافیای سەربازی" ناویبرد، سەرۆکی کۆریای باکوور دەڵێت، بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تووندی دووژمنکارانە، دۆخی ناوچەکەی خستووەتە سەر لێواری جەنگ.
 
کیم جۆنگ ئون ئەو هەڕەشەشی کرد کە ئەگەر سیئۆل لە هەڵچوواندنی گرژییەکان بەردەوامبێت، "باجی قورس" دەدات.