لە شاری ڤوکۆڤەری کرواتیا مێشوولە خەریکە خەڵکەکەی دەربەدەر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ڤوکۆڤەر و دەوروبەری لە کرواتیا؛ رۆژ تاوەکو ئێوارە خەڵك خەریکی دوورخستنەوەی مێشوولەن لە خۆیان. مێشوولە هێندە زۆر بوون، خەریکە خەڵک دەربەدەر دەکەن.
 
سنجیزانا، هاووڵاتیی کرواتی دەڵێت، "بە بەرچاوی ئێمەوە پێمانەوە دەدەن، لە ژیانی خۆمدا بەقەد ئەمساڵ هێندە پێشوولەم لە ڤوکۆڤەر نەبینیوە، وێرانە."
 
بەرپرسانی کرواتیا زۆربوونی مێشوولە لەمساڵدا دەگەڕێننەوە بۆ ئەو وشکەساڵییە سەختەی بەرۆکی ناوەڕاست و باشووری ئەوروپای گرتووە. خەڵک بەدەست مێشوولە خوێنمژەکانەوە داد و بێدادیانە.
 
تۆمیسلاڤ سۆتا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڤێتێرنەریی ڤوکۆڤەر گوتی، "داوادەکەین باری نائاسایی رابگەیێندرێت، بەتایبەتیش لەبەر وشکەساڵی، کە زیانی بە جووتیاران گەیاندووە، بەتایبەتی بە شوان و گاوان و خەڵك، بەڕاستی ئەستەمە ئەم رۆژانە بتوانی لە ڤوکۆڤەر بژیت."
 
بەدەست مێشوولە خەڵک ئارامیان نەماوە و داوادەکەن چارەسەرەکە پێش باری نائاسایی بکەوێت. لەوانەیە چارەسەری مێشوولە بە دەرمان رشاندن بکرێت، بەڵام هۆکارەکەی کە وشکەساڵییە، لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتیشە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی توێژەرانی یەکێتیی ئەوروپا، 8٪ـی ناوچەکە رووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە، ئەو وشکەساڵیەشی کە لە پارەوە سەریهەڵداوە، لە 500 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.