بیرگیت ناویۆکس: دەبێ سیاسیەتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆچبەران بخرێتە ژێر گڵ
رووداو - ئەڵمانیا
بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کۆچبەران لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن داوا دەکات ئەو پلانەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆچبەری نایاسایی دایناوە، "لەژێر گڵ بنرێت" و دەڵێت، پێویستە "وەرچەرخانێک بکرێت بۆ سیاسەتێکی کۆچبەری لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و هاوسۆزی."
بیرگیت ناویۆکس، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کۆچبەران لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن دەڵێت، "بارودۆخەکە، ئاڵنگاری بۆ هەموو ئاستەکان دروستکردووە، بۆ ناوەند، هەرێمەکان و کۆمۆن، خۆجێییەکان، پرسیار لەوە ناکرێت، بەڵام نابێت گرووپەکانی کۆچبەران بە گژیەکدا ئاراستە بکرێن، نابێت سەقفێک بۆ وەرگرتنی کۆچبەران دابنرێت."
ئەو بەڕێوەبەرە باس لەوە دەکات، "خاتوو فێزەر، وەزیری ناوخۆ دەڵێت: لە هەر پێنچ کۆچبەر چواریان خەڵکی ئوکراینان و نابێت سەقفێک بۆ مرۆڤایەتی دابنرێت و بێگومان دەبێ ئەمە بەسەر هەموو کۆچبەراندا پەیڕەو بکرێت، واتە ئەرکێکی مافەکانی مرۆڤ و هاوکارییەکانی مرۆیی هەیە کە لێرە ئەو کەسانە وەربگیرێن، ئەوانەی بە دوای پاراستندا دەگەڕێن و ئەوەش گرنگ نییە کە ئەمساڵ ژمارەیان بگاتە 300 هەزار یان 3 ملیۆن".
لەبارەی سیاسەتی نوێی یەکێتیی ئەوروپا، زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەوروپا میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو یاسا نوێیەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەری رێککەوتوون، ئەوەیە کە کۆچی نایاسایی سەخت بکەن و کۆچی یاسایی ئاسان بکەن.
زنار شینۆ وردەکاریی رێکەوتننەکەی ئاشکراکرد کرد و گوتی، "هەریەکە لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا رازیبوون بەوەی کۆچبەرانی ئەو وڵاتانەی کە مافی وەرگرتنیان 20٪ کەمترە لە وڵاتانی سەرسنووری یەکێتییەکە، بهێڵدرێنەوە و لەوێ داوای مافی مانەوە بکەن و رێگەیان پێنەدرێن بێنە وڵاتانی ناوەڕاست و باکوور و رۆژئاوای یەکێتییەکە، ئەگەر داواکارییەکەشیان رەتکرایەوە ریپۆرتی وڵاتەکانیان یاخود وڵاتی سێیەم بکرێنەوە".
زنار شینۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، "خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە ئەوەیە تەواوی کۆچبەران بەسەر وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە دابەش بکرێن، بەڵام هەریەکە لە پۆڵندا و هەنگاریا دژی ئەو رێکەوتنە وەستانەوە و رازی نەبوون". گوتیشی، "خالێکی دیکە ئەوەبوو ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان پێنەدرێت، بەڵام ناتوانن رەوانەی وڵاتەکانیان بکەنەوە، لەجیاتی ئەوەی بنێردرێنە رواندا، پێشنیاز کراوە بنێردرێنە وڵاتی تونس".
پەیامنێری رووداو لە ئەوروپا روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی لەسەر یاسا نوێیەکەی کۆچبەران نەداوە و هیشتا مشتوومڕی زۆری لەسەر دەکرێت و تەنانەت بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا پێیانوایە سیاسەتە نوێیەکەی کۆچبەران زۆر تووندە و پێویستە خاو بکرێتەوە. دەشڵێت، "وڵاتانی ئەوروپا بۆ هێزی کار کۆچبەری یاسایی دەهێننە وڵاتەکانیان".