حکومەتی یەمەن و حوسییەکان سەتان دیلی یەکدییان ئازاد کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی یەمەن و حوسییەکان سەتان دیلی یەکدییان ئازادکرد؛ هەندێک لە دیلەکان زیاتر لە پێنج ساڵ بوو لەلایەن سعودیە یاخود حکومەتی یەمەنەوە دەستگیر کرابوون.
 
یاسر، دیلی دەستی حکومەتی یەمەن دوای ئازادکردنی گوتی، "دایکە، من لە فڕۆکەخانەم، سەر فڕۆکە دەکەوم و لە نیو کاژێر دەگەمەوە سەنعا."
 
ئەمە گەورەترین دیل بە دیلە لەنێوان حوسییەکان و حکومەتی یەمەن لە ساڵی 2020ـەوە؛ زیاتر لە 800 دیل لەنێوان حکومەتی یەمەن و حوسییەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن؛ هەندێک دیلی حوسییەکان لە سعودیە و هەندێکیان لەنێو یەمەن دەستبەسەر بوون.
 
فاتیمە ساتور، کارمەندی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێت، "ئەمە هیوایەکی گەورەی لەو قەیرانە مرۆییە گەورە پیشانداین و هیواخوازین ئەمە مەینەتییەکانی خەڵك نەهێڵێت."
 
دیلی حوسییەکان بە نێوەنگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە هاوکاریی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عەدەنەوە بە فڕۆکە بەرەو سەنعا گەڕێندرانەوە.
 
لەدوای ساڵانێک دەستبەسەری، ئیدی کاتی بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیانە. محەمەد، دیلی دەستی حکومەتی یەمەن ئاماژە بەوە دەکات، "بە ویستی خودا چارەسەری خۆم دەکەم و دواتر هاوسەرگیری دەکەم. شەش ساڵ بوو دەستبەسەر بووم. پەلەمە بگەمەوە یەمەن و نێو بنەماڵەکەم. زیاتر لە هەموو شتێک بیری دایکم دەکەم. دایک و باوکم لە هەموو کەسێک زیاتر. خوشک و براکانیشم."
 
جارێکی دیکە ئاشتی دەرفەتی پێدان دیلەکان بگەڕێنەوە باوەشی کەسوکاریان؛ فرمێسک لە چاوی دیلەکان و کەسوکاریان نابڕێت. دیمەنەکان هەمووان دەگریێنێت؛ خۆشییەکە بۆ دیلە یەمەنییەکانی دەستی حوسییەکانیش زیاتر نەبێت، کەمتر نییە.
 
دوایین جار حوسییەکان و حکومەتی یەمەن ئاڵوگۆڕیان بە دیل کردبێت، لە تشرینی یەکەمی 2020 بوو، هەردوولا زیاتر لە 1000 دیلی یەکدییان ئازاد کرد.
 
ئەم پرۆسە سێ رۆژییەی ئاڵوگۆڕی دیلیش چەند مانگێک دوای ئاشتبوونەوەی هەردوو جەمسەری شیعی و سوننی دێت کاتێک لە ئاداری ئەمساڵ ئێران و سعودیە بە نێوەنگیریی چین بەڵێنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دا.