ئەڵمانیا: تێکەڵکردنی کورد بە دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکان نیشانەی سووریایەکی یەکگرتووە

رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، تێکەڵکردنی کوردەکان لە ناو دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکاندا، نیشانەیەکی بەهێزی سووریایەکی یەکگرتووە. تەنیا پرۆسەیەکی گشتگیر دەتوانێت ئارامی و ئاشتییەکی بەردەوام پێکبهێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئانەلینا بێربۆرگ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "بابەتێک کە ئەمڕۆ قسەی لەسەر دەکەین، پرسی سووریایە. دوای سێ مانگ ئێمە لە سووریا رووناکی دەبینین، بەڵام لە هەمان کاتدا سێبەریش دەبینین."
ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتیی یەکێتیی ئەورووپا، کۆنفرانسی ساڵانەی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ سووریا بەڕێوەدەچێت.
ئانەلینا بێربۆرگ دەڵێت: "لە کۆنفرانسەکەدا دووبارە بە روونی دەڵێین، ئێمە وەکو ئەورووپی لە پشت خەڵکی سووریاین، لە پشت سووریایەکی ئارام و گشتگیرین. ئێمە باسی سێ مانگی رابردوو دەکەین کە بەسەر سەردانەکەی من و هاوتای فەرەنسیم تێپەڕیوە. ئاشتی ئەو کاتە پێکدێت کە پرۆسەی سیاسی هەموو کەسێک لەخۆ بگرێت و بۆ هەموو کەسێک بێت."
لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی هەفتەی رابردووش گوتی: "پرسی هێرشکردنە سەر سەدان کەسی سیڤیل و پێشێلکارییەکان کە کراون، پێویستە حکومەت روونی بکاتەوە، بەرپرسان بدۆزێتەوە، دادگاییان بکات و بیسەلمێنێت کە کۆنترۆڵی هەیە بەسەر هەموو دامەزراوە ئەمنییەکاندا."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، باسی پرسی کوردی کرد و گوتی: "تێکەڵکردنی کوردەکان لە ناو دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکاندا، نیشانەیەکی بەهێزی سووریایەکی یەکگرتووە. تەنیا پرۆسەیەکی گشتگیر دەتوانێت ئارامی و ئاشتییەکی بەردەوام پێک بهێنێت."
لەبارەی دەستووری کاتیشتەوە گوتی: "گرنگە دەستووری قۆناخی گواستنەوەش ئەم مافانە لەخۆ بگرێت. پێویستە سەرۆکی وڵات، رۆڵ و بەرپرسیارێتی گشتگیری خۆی بۆ هەموو هاووڵاتییان بە یەکسانی بەکار بهێنێت. ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە، ئەرکێکی گەورەیە."
وەزیرە ئەڵمانەکە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ سووریا دووپاتکردەوە. "ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی سوریادا دووبارە روونی دەکەینەوە کە ئێمە لە پشت هەموو خەڵکی سووریاین و هیوادارین هەموو لایەنەکان لە پرۆسەکەدا بەشدار بن."
باسی وردەکاریی هاوکارییەکانی بۆ سووریا کرد و گوتی: "ئەڵمانیا بۆ ئەم ئەرکە گەورەیە، 300 ملیۆن یۆرۆ تەرخان دەکات و لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی دیکە لە ناوچەکەدا دەیخاتە خزمەتی خەڵک. یارمەتی مرۆیی، دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، یارمەتی دەروونی و دامەزراوەکانی پەروەردە لەخۆ دەگرێت."