رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە. بڕیارە رۆژی 20ی ئەم مانگە لە واشنتن دی سی سوێندی یاسایی بخوات.
رێوڕەسمەکە بە بەشداریی ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان، کەسایەتی و بازرگانە دیارەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.
لەو رۆژە دا جگە لە دۆناڵد ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاش سوێندی یاسایی دەخوات.
سوێندخواردنەکە لە کاژێر 9:30 -10:30ی بەیانی بەکاتی واشنتن دی سی (18:30-19:30ی شەو بەکاتی هەولێر) دەستپێدەکات، ترەمپ و ڤانس دەچنە باڵەخانەی کۆنگرێس. لەوێ ئامادەکاری بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە دەکرێت.
پێش ئەو پڕۆسەیە سەرۆکی هەڵبژێردراو و جێگرەکەی بەشداری چەند رێوڕەسمێکی ئایینی دەکەن لە کەنیسەیەکی واشنتن دی سی.