رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێت دیاردەیەکی ناوازە و دەگمەن لە تاریکی ئاسماندا رووبدات. شەش هەسارە لە یەک کاتدا دەکەونە سەر یەک راستەهێڵ. دیاردەکە بە "نمایشی هەسارەیی" ناسراوە.
زانایان دەڵێن، ئەم دیاردەیە، تاوەکو ساڵی 2492 دووبارە نابێتەوە، واتە 467 ساڵی دیکە.
دارا پارتێل، گەردوونناس دەڵێت: "نمایشی هەسارەیی بریتییە لە بوونی ژمارەیەک هەسارە لەسەر یەک راستەهێڵ کە دەکرێت هەندێکیان بەبێ تێلیسکۆپ ببیندرێن".
هەسارەکانی مەریخ، موشتەری، زوهرە، زوحەل؛ ئۆرانۆس و نیپتۆن لەسەر یەک هێڵ دەبن.
لە 21ی ئەم مانگە روودەدات و تاوەکو چوار هەفتە بەردەوام دەبێت. پاشان هەسارەی عەتارد ( مێرکوری) بۆ ماوەیەکی کەم دەچێتە ریزەکەوە و دیمەنێكی جوان و ناوازە بە ئاسمان دەبەخشن.
کیڤن ولیەمز، گەردوونناس دەڵێت: "سەبارەت بە رۆژ، ئەوە هێندەی کاتەکەی گرنگ نییە. لە نێوەڕاستی شوباتدا ئیدی بینینی هەسارەکان قورستر دەبێت. باشترین ئاستی بینین لە تاریکی شەودایە و تاوەکو هەفتەی سێیەمی مانگی شوبات".
لەو شەش هەسارەیە جگە لە ئۆرانۆس و نیپتۆن کە بە تێلیسکۆپ دەبیندرێن، چوارەکەی دیکە بە چاو دەبیندرێن.
لەسەر راستەهێڵی ئەو شەش هەسارەیە، خۆر و مانگیش لە ریزەکە دەبن و پێکەوە نمایشێكی گەردوونی پێشکێش دەکەن.
بۆ ئەوەی بتوانن دیمەنە باڵکێشەکە ببینن، گەردوونناسان پێشنیاز دەکەن بچنە شوێنێکی تاریک و لە ژینگەیەکی پاک دا بۆ ماوەی 30 خولەک تەماشای ئاسمان بکەن، تاوەکو چاو رووناکییەکە رێکدەخات و بتوانن نمایشە هەسارەییەکە ببینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ