لە لۆس ئەنجلس، هەرکەس ماڵیشی نەسووتابێت ناتوانێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی

17-01-2025
سینان تونجدەمیر
دیمەنی ناوچەیەکی سووتاو لە لۆس ئەنجلس. وێنە: رووداو
دیمەنی ناوچەیەکی سووتاو لە لۆس ئەنجلس. وێنە: رووداو
نیشانەکردن رووداو لە کالیفۆرنیا
A+ A-
 
رووداو - لۆس ئەنجلس

لە ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسدا، زیاتر لە 12 هەزار ماڵ سووتاون و بە هەزاران کەسیش ماڵیان نەماوە و ئاوارە بوون.
 
ئەوانەی ماڵەکانیان سووتاوە و ئەوانەیشی نەسووتاوە، بەهۆی رەوشی ئەمنییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان. ئەمەش جگە لەوەی ترس هەیە ئاگرەکە دووبارە سەرهەڵبداتەوە.
 
پرسیار ئەوەیە، ئەو کەسانەی ئاوارە بوون، ئێستا چی بکەن و بۆ کوێ بڕۆن؟ تیمی رووداو چاویان بە خەڵکێکی زۆر کەوت، یەکێکیان گوتی، لە ماڵی باوکی دەمێنێتەوە.
 
جانێت ئەی، هاوڵاتییەک کە ماڵەکەی سووتاوە دەڵێت، "ماڵەکەم سووتا. ئەمەم لە برازاکەم بیست کاتێک چوون بۆ پشکنینی ماڵی خوشکەکەم، ئەویش سووتابوو، پاشان ڤیدیۆیان گرت کاتێک دەهاتنە کۆڵانەکەمان، کە هاتنە خوارەوە بۆسەر شەقامەکە و بینییان کە چۆن بە تەواوی سووتاوە، جگە لە یەک خانوو، هەموو ماڵەکانی کۆڵانەکەمان سووتاون. ئەوەی بۆ من ماوەتەوە تەنیا پاشماوەی سووتاو و چەند دیوارێکن."
 
تیمی رووداو لە جانێت-یان پرسی، "دەتوانیت پێمان بڵێیت ئایا بیمەت هەیە بۆئەوەی هاوکات بێت لە بونیادنانەوەی ماڵەکەت؟" لە وەڵامدا گوتی، "بەڵێ، بیمەم هەیە، بەڵام بیمەکە تەنیا بەشێکی دەدات، ئەمەش پێشبینی دەکرێت کە دوو ساڵ بۆ پێنج ساڵ بخایێنێت. بۆیە هیوادارم کە (فێما) رێکخراوی یارمەتیدانی دەوڵەت، یارمەتیدەر بێت."
 
تیمی رووداو لە جانێت-یان پرسی، "ئێستا لە کوێ دەمێنیتەوە؟" ئەویش گوتی، "ئێستا لەگەڵ باوکم دەمێنمەوە و زۆر دڵخۆش و بەختەوەرم کە ئەو ئامادەیە و رێگەی داوە لەوێ بمێنمەوە، تاوەکو من خەمی ئەوە نەخۆم؛ بەڵام ناتوانم بۆ هەمیشە لەوێ بمێنمەوە، بە دڵنیاییەوە، چونکە شوێنەکەی لێ قەرەباڵخ دەکەم، هەروەها لەڕووی دەروونی و هەستیشەوە لەوێ دڵگرانم."
 
لە لۆس ئەنجلس، جگە لە یارمەتییەکانی دەوڵەت، خەڵک بە شێوەیەکی خۆبەخشانە یارمەتیی یەکدی دەدەن و هەندێک شوێنیش بۆ لێقەوماوان ئامادە کراوە. بەشێکیان لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە یەکدی دەدۆزنەوە و یارمەتییەکان پێشکێش دەکەن.
 
دان روو، بەڕێوەبەری یارمەتیی خۆبەخشەکان بە رووداوی گوت، "یارمەتییەکانمان بەهۆی کەسانی ناوداری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستیپێکرد و منیش یەکێکم لەوان. من رۆژی شەممە هاتم، کەسانی دیکەش هاتن و زۆر فراوان بوو."
 
ئیدارەی جۆ بایدن رایگەیاند، بۆ شەش مانگی داهاتوو خواردن و خواردنەوە، هەروەها شوێنی مانەوە دەدەن بەو کەسانەی کە ماڵیان نەماوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئەو ماڵانەی کە نەسووتاون، لەلایەن سەرباز و پۆلیسەوە دەپارێزرێن لە دزی و تاڵانی، چونکە هاووڵاتییان ئێستا بەهۆی رەوشی ئەمنییەوە، ماڵەکانیان جێهێشتووە و ئاوارە بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە