میوانداریکردنی "دیکتاتۆرێک" لە کۆشكێکی شاهانەدا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا و چین، دوو وڵاتی زلهێز و خاوەن ئابووریی گەورەی جیهانن، بەڵام ئەوەی لەیەکیان جیادەکاتەوە، زیاترە لەوەی کۆیان دەکاتەوە. کاتێک سەرۆکی یەکێک لە وڵاتەکان دەرفەتی ئەوەی دەبێت لە ماڵەکەی خۆیدا میوانداریی رکابەرەکەی بکات، تۆ بڵێی چۆن پێشوازی لێبکات؟ کۆبوونەوەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگی سەرۆکی چین بە میواندارییەکی شاهانە و بەڕێکردنی "دیکتاتۆرێک" کۆتایی هات. 
 
فیلۆلی، ڤێلایەکی گەورە لەسەر رووبەری 265 هێکتار دروستکراوە و باخچەیەکی سەوزی هەیە کە پڕە لە درەختی هەمەجۆر و سەرنجڕاکێش؛ دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیا.
 
ڤێلاکە، لە ساڵانی 1980ـەوە شوێنی بەرهەمهێنانی ژمارەیەک کاری سینەمایی هۆڵیوود بووە، لەنێویدا درامای Dynasty  و لە ساڵی 2001ـیشدا فیلمی رۆمانسی – کۆمێدیی The Wedding  Planner کاری وێنەگرتنی تێدا کراوە. ڤێلاکە، هاوکات، شوێنی کۆبوونەوە و سازکردنی ئیڤێنتی دیاری ئەمریکییەکان و شوێنی ئاهەنگی هاوژینی بەڕێوەبەرە زەنگینەکانی فەیسبووک بووە و خەڵکی ئاساییش دەتوانن گەشتێک بەنێو باخچەکانیدا بکەن. 
 

رۆژی چوارشەممە ڤێلاکە تەواو جیاواز بوو
 
لەدوای کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکە بەتەمەنەکە، زانیارییەکان لەبارەی چۆنییەتی و شێوازی کۆبوونەوەی نێوانیان درکێنران. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی باس لەوە دەکات، یاریدەدەرانی باڵای جۆ بایدن چەند هەفتەیەک لەگەڵ بەرپرسانی چین کاریان کرد بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم کات و شوێنە دەبێتە سەکۆیەکی بێ کەموکورتی و ناوازە بۆ میوانداریکردنی لووتکەی دیپلۆماسی لە نێوان بایدن و شی جینپینگ - دوو پیاو کە گومانێکی قووڵیان بەرامبەر یەکدی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، باوەڕێکی هاوبەش هەیە کە دەبێت وڵاتەکانی خۆیان لە تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بپارێزن. 
 
سانفرانسیسکۆ، شاری میوانداریکردنی لووتکەی هاوئاهەنگیی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن – ئەیپێک؛ گرووپێک کە لە 21 وڵات پێکهاتوون و بە زەریای هێمندا بڵاوبوونەتەوە؛ شوێنێکی زۆر هێمن دەبێت بۆ ئەوەی میوانداریی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بکات. نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات، بەرپرسانی ئەمریکا راسپێردرابوون بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک رێکبخەن، بەجۆرێک بێت، رێز لە سەرۆکی چین بگیرێت و دوور بێت لە ژاوەژاوی خۆپێشاندەران.
 
چەند هۆکارێک وایانکرد، شوێنەکە سەرنجڕاکێش بێت؛ لەنێو چەند گردێک هەڵکەوتووە، ئەو شوێنەی ڤێلاکەی لێیە، ئارامترە و کەمتر جەنجاڵی هەیە بەراورد بە دەوروبەرەکەی کە گۆشەیەکی چڕوپڕە لە دانیشتووان. کۆشکی سپی تا رۆژێک پێش کۆبوونەوەکە، شوێنەکەی بە نهێنی هێشتەوە. ئەوەش وەکو میدیای ئەمریکی دەڵێت، "پێدەچێت بۆ ئەوەی خۆپێشاندەران نەتوانن گەمارۆی شوێنی کۆبوونەوەکە بدەن." پێدەچێت پلانەکەی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەکی ئارام سەرکەوتوو بووبێت، بەتایبەتیش کاتێک بەیانیی رۆژی چوارشەممە، کە رۆژی کۆبوونەوەی لووتکە بوو، هیچ خۆپێشاندەرێک بە لای دەروازەکانی ڤێلاکەدا دەرنەکەوتن، هەرچەندە کاتێک ئۆتۆمبێلەکانی بایدن لە ناوچەکە نزیک دەبوونەوە، هەندێک خۆپێشاندەر بەدرێژایی رێگاکە لە سانفرانسیسکۆ دەبینران.
 

فیلۆلی، ڤێلا و کۆشكێکی گەورەی سانفرانسیسکۆیە؛ یەکێکە لە گرانبەهاترین موڵکە تایبەتەکان لە ئەمریکا؛ لە سەرەتای سەدەی 20ـەم لەلایەن خێزانێکەوە دروستکراوە. لەو کاتەی کانێکی زۆری زێڕ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دۆزرایەوە و خەڵکی دەستیان کرد بە هەڵکەندنی کانەکان و قازانجێکی زۆریان کرد. ویلیام باوەرس بۆرنی دووەم، خاوەنی خانووەکەیە و خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کانەکانی زێڕ بووە لە مێژووی ئەمریکادا. ئەوکات، ویلیام باوەرس ناوی 'فیلۆلی'ی لە ڤێلاکە نا، ئەوەش کۆکراوەی پیتی یەکەمی چەند دەستەواژەیەکە کە تایبەت بووە بەخۆیەوە:
"Fight for a just cause. Love your Fellow Man. Live a good life." 
بە کوردییەکەی واتە: شەڕ لەپێناو دۆزێکی دادپەروەر بکە. هاوڕێکەت خۆشبووێ. ژیانێکی باش بژی.
 
ئێستا شوێنەکە لەنێو موڵکە گرانبەهاکانی کالیفۆرنیا ونبووە؛ بە بنکەکانی هەریەکە لە کۆمپانیای ئەپڵ، گووگڵ و مێتا دەورەدراوە کە بە ئۆتۆمبێل تەنیا 30 خولەک لێیەوە دوورن. ڤێلاکە، بە باخچە دڵڕفێنەکانی، گۆڕەپانە گەورەکانی و رووبەرێکی فراوان بۆ پیاسەکردن تێیدا، بووەتە شوێنی سازکردنی ئاهەنگی هاوژینی بۆ کاربەدەستانی ئەو کۆمپانیا تەکنەلۆژیا زەبەڵاحانە. 

 

رۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2023، پێش ئەوەی کۆبوونەوەی لووتکەی نێوانیان دەستپێبکات کە بەشێوەیەکی تووندوتۆڵ لەلایەن تیمە ئەمنییەکانی هەردوولاوە چاودێریی دەکرا، جۆ بایدن و شی جین پینگ لەدوای ساڵێک لە دوایین دیداریان، لە پێش دەرگەی باڵەخانەی ڤێلاکە، کە لەسەر رووبەری 16 هەزار و 537 مەتر دووجا دروستکراوە و لە 56 ژوور پێکدێت، تەوقەیەکیان کرد. لە کاتی کۆبوونەوەکەیاندا، تیمە ئەمنییەکانیان لە ژوورێکدا بوون کە لە رۆژی زەماوەندەکاندا وەکو پرسگە بەکاردەهێندرا. مێزی نانخواردنی هەردوو سەرکردەکە، بە راڤیۆلی ریکۆتای گیایی، کریسپی ئەرتیشۆک، مریشکی برژاو، برنج، برۆکلینی برژاو و کێکی بادەم رازێندرابووەوە. 
 

فیلۆلی کە لە ساڵی 1975 بەڕووی خەڵکیدا کراوەتەوە، ساڵی رابردوو نزیکەی 400 هەزار سەردانیکەری بۆ خۆی راکێشا. لە رووی بازرگانییەوە بە "یەکێک لە باشترین موڵکەکانی وڵات کە لە سەدەی بیستەمدا ماونەتەوە" ناودەبرێت، بەڵام وادیارە ڤێلا زەبەلاحەکە نەیتوانیوە ئەو پرۆتۆکۆڵە فەرمییە و دژبەرییە بازرگانییەی لەنێوان دوو سەرۆکەکە هەیە، هێور بکاتەوە. 
 
ئەمریکا هەمیشە پێشوازییەکی گەرمی لە سەرۆکی چین کردووە
 
لە ساڵی 2017  شی جین پینگ لە گەشتەکەی بۆ ئەمریکا، سەردانی ڤێلای مارالاگۆی دۆناڵد ترەمپی کرد لە ویلایەتی فلۆریدا. ترەمپ دواتر گوتی، بەدەم خواردنی "جوانترین پارچە کێکی شوکولاتە"وە باسیان لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر سووریا کردووە. وەکو نیویۆرک تایمز باسی دەکات، ئەوکات، ترەمپ نەوە کچەکەی بانگ کردووە بۆ ئەوەی بە زمانی ماندارینی گۆرانییەک بۆ سەرکردە چینییەکە بڵێت، بەڵام ئەو پێشوازییە گەرمە هیچی نەکرد بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ناکۆکییانەی دواتر لەسەر پەتای کۆرۆنا دروستبوون. 
 
لە ساڵی 2013 باراک ئۆباما لە سەنیلاندز، ئەو موڵکە گرانبەهایەی کەوتووەتە شاری رانچۆ میراجی کالیفۆرنیا، پێشوازیی لە شی جین پینگ کرد. کۆشکەکە لەلایەن لیۆنۆر ئاننبێرگ و هاوژینە ملیاردێرەکەی، واڵتەر ئێچ ئاننبێرگەوە، لە بیابانی باشووری کالیفۆرنیا دروستکرابوو بۆ ئەوەی وەکو دیارییەک پێشکێشی سەرۆکەکانی ئەمریکای بکەن. کۆشکەکە، یەکێک بوو لە ڤێلا دڵخوازەکانی سەرۆکە کۆمارییەکان، لەنێویاندا جۆرج ئەیچ دەبلیو بوش و رۆناڵد ریگن. ئۆباما و شی هەشت کاژێر لەوێ پێکەوە کاتیان بەسەر برد. 
 
پەیوەندییەکان ئێستا جۆرێکی دیکەن
 
تۆماس شوارتز، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ڤاندەربیڵتی ویلایەتی تێنیسی ئەمریکا دەڵێت، "هەر لووتکەیەکی لەم جۆرەت دەبێت، کاتێک باڵۆنێکی سیخوڕیت بەسەر سەرەوە دەفڕێت و دوای ئەوەی جەنگێکی بازرگانیتان هەبووە. بێگوومان ناتوانن لوتکەیەکی پاندا ئاسا (ئارام)تان هەبێت." 
 
قسەکان تەنیا لە چوارچێوەی ململانێی جیهانی و چەکی ئەتۆمیدا سنووردار نەبوون. وەکو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باسی دەکات، لە کاتی کۆبوونەوەکەیان کە چوار کاژێری خایاند، بایدن پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوونی لە پێنگ لیوان، هاوسەرەکەی شی کرد. لیوان هەمان رۆژی لەدایکبوونی سەرۆکە بەتەمەنەکەی ئەمریکای هەیە؛ بایدن 20ـی نۆڤێمبەر دەبێتە 81 ساڵ. شی لە وەڵامدا گوتوویەتی کە شەرمەزار بووە، ئەوەندە کار دەکات کە لەبیری کردووە کە رۆژی لەدایکبوونی هاوسەرەکەی نزیکە.
 
دوای کۆبوونەوەکەیان، بایدن و شی لە ژێر هەورە خۆڵەمێشییەکانی کالیفۆرنیادا پیاسەیەکیان بەنێو دارهەنار و گوڵە ئەرخەوانییەکاندا کرد. پاشان شی بەرەو ناوەندی شاری سانفرانسیسکۆ بەڕێکەوت، بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵ سەرکردە بازرگانییەکانی ئەمریکا لە خوانێکی ئێوارەدا کۆببێتەوە کە بەهای هەر قاپێکی خواردن 2000 دۆلار بوو. 
 

هەرچی بایدنە، لە شوێنی کۆبوونەوەکە مایەوە بۆ ئەوەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ساز بکات؛ لەوێدا بایدن گوتی، هێشتا وەک "دیکتاتۆرێک" سەیری میوانەکەی دەکات، کۆمێنتێک کە بەرپرسە چینییەکانی هێنایە سەر هێڵ و بە گوتەیەکی "نابەرپرسانە"یان ناوبرد. . 
 
بایدن گوتی: "من بیرۆکەم نەگ ۆڕاوە و هێشتا پێم وایە سەرۆک شی جین پینگ دیکتاتۆرە.. ئەو کەسێکە وڵاتێکی کۆمۆنیست بەڕێوەدەبات کە سیستمێکی حکومڕانیی تەواو جیاوازی لەوەی ئێمەی هەیە." 
 

لە کاردانەوەی ئەم قسانە، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، "ئەم جۆرە قسەیە زۆر هەڵەیە و یاریکردنێکی سیاسیی نابەرپرسانەیە، چین بە تووندی دژی ئەم قسانەیە." 
 
قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە هاتن کە لە سانفرانسیسکۆی ئەمریکا لە کۆنفڕانسی هاوئاهەنگیی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا - زەریای هێمن لەگەڵ شاندی چین کۆبووەوە کە نزیکەی چوار کاژێری خایاند.
 
کۆبوونەوەی بایدن و شی دووەم کۆبوونەوەی رووبەڕووی هەردوو سەرۆکەکە بوو؛ جاری یەکەم لە 14ـی نۆڤێمبەری 2022 هەردووکیان لە لووتکەی گرووپی 20 لە بالیی ئیندۆنیزیا کۆبوونەوە.