عەلی دۆڵەمەری: فەرەنسا داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەگوێرەی دەستوور دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت، "فەرەنسا پاڵپشتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات بە گوێرەی دەستوور، بەڵام ناتوانێت گوشار بە شێوەیەک بکات کە ببێتە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی عێراق". گوتیشی، فەرەنسا زۆرترین هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە و هەرێمی کوردستان باشترین پەیوەندیی لە هەموو بوارەکان لەگەڵ فەرەنسادا هەیە. 
 
رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو کە لە بەنامەی نوورۆژ پەخشکرا، عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا رایگەیاند: "نوێنەرایەتییەکەمان لە ساڵی 2001 لە فەرەنسا دامەزراوە، توانیومانە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ گشت دامەزراوەکانی فەرەنسا دروست بکەین، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان باشترین ئاستی پەیوەندیی لەگەڵ فەرەنسادا هەیە لە هەموو بوارەکاندا، چەندین رێککەوتنی دۆستایەتی و بازرگانی و کولتووری و سیاسی و دیپلۆماسی هەن لە نێوانیاندا، هاتنی سەرۆکانی فەرەنسا سێ جار بۆ هەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەو پەیوەندییە باشەیە، فەرەنسا یەکێک بوو لە وڵاتانەی کە لە شەڕی داعشدا هاوکارییەکی باشی هەریمی کوردستانی کرد". 
 
فەرەنسا بە دۆست و هاوپەیمانێکی نزیکی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لە زۆربەی بوارەکاندا هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە، لەبارەی رۆڵی فەرەنسا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، عەلی دۆڵەمەری گوتی: "فەرەنسا لە دوای گشتپرسی و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەریش هەڵوێستێکی روونی هەبووە، بە راشکاوی گوتوویەتی دژی هیچ پرۆسەیەکی دیموکراسی نین، بەڵام گوتیان ئەوە کێشەیەکی نێوخۆییە و ناتوانن دەست لە کاروباری نێوخۆی عێراق وەربدەن".
 
بە گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، "ئەو وڵاتە بە روونی گوتوویەتی هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە و ئەگەر ئارامی لە هەرێمی کوردستان و عێراق نەبێت، دەبێتە مەترسی بۆ ئەوروپاش".
 
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، "پێیان وایە دەبێت کێشەکان بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێن، پێویستە فیدراڵی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکرێن".