لە کۆنفڕانسی کوردانی قەوقاس کێشەکانی بەردەم کوردانی دیاسپۆرا تاوتوێ دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی کوردانی قەوقاس بە بەشداریی کوردانی دیاسپۆرا لە شاری تبلیسیی پایتەختی جۆرجیا بەڕێوەدەچێت. 
 
کۆمەڵەی دەزگاکانی زانستی و زیاتر لە 100 پەرلەمانتار، چالاکڤان و کەسایەتیی ناوداری کورد کێشە سەرەکییەکانی کوردانی قەوقاس تاوتوێ دەکەن. 
 
زازا کالاشۆڤا، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی جۆرجیا دەڵێت: "پێنج کۆمەڵە کۆنفڕانسی ئەمڕۆیان رێکخستووە. نزیکەی 100 کەس لەم کۆنفڕانسەدا بەشدار دەبن کە لە 16 وڵاتەوە هاتوون. لە ئەورووپا، باشوور و باکووریش هاتوون. شاندی زۆر لە وڵاتان هاتوون. تاوتوێی زمان، مافی ژنان، چۆنییەتی گەڕاندنەوەی پاشناوەکەمان دەکرێت. جاری یەکەمە کۆنفڕانسێکی ئەوها سازبکرێت. شتێکی مێژوویی و مەزنە. پێموایە لە ساڵانی داهاتووشدا بتوانین کۆنفڕانسی لەم جۆرە ساز بکەین."
 
فەیزا یونس، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەکادیمیای هاوئاهەنگییە و دەڵێت: "وەکو ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی کە کۆنفیدراسیۆنی کوردانی ئەورووپا بەشداریمان لەم کۆنفڕانسەدا کردووە و بەشێکین لە رێکخەرانی کۆنفڕانسەکە. کاتێک دەڵێین، کۆنفیدراسیۆنی کوردانی ئەورووپا، واتە خۆمان بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەو کوردانەمان کە لە دیاسپۆرا دەژین، بێگومان کوردانی قەوقاسیش بەشێکن لەوان، چونکە بۆ ئێمە پرسی کوردانی قەوقاس نەک تەنیا تێکەڵبوون، تواندنەوە [ لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا] و زمانە، بەڵکو پرسی میللەتی کوردە، پرسی خاک و مافە." 
 
ئیسکۆ داسنی، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی جۆرجیا بانگهێشتی کۆنفڕانسەکە کراوە و کۆنفڕانسەکە بە سەرکەوتوو وەسف دەکات. 
 
ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناسی ناوداریش لە گوتەکانیدا کێشەکانی دیاسپۆرای کوردی و نەتەوەی کوردی بە گشتی بە نەبوونی دەوڵەتێک بۆ کوردانەوە بەستەوە. 
 
دوو پانێلی سەرەتای کۆنفڕانسەکە پەیوەست بوون بە کێشەی کوردانی کۆمارەکانی قەوقاس؛ ئازەربایجان، ئەرمینیا و جۆرجیا و ئاسیای نێوەڕاست. لە ئەنجامی گفوتوگۆکاندا دەرکەوت کە کێشەی هەموو دیاسپۆرای کوردی لە قەوقاس هەمان شتە، بە تایبەتیش زمان، کولتوور و پاراستنی ناسنامەی کوردی. 
 
زۆربەی پانێلیستەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە کێشەی تواندنەوە نەک هەر کێشەی کوردانی قەوقاسە.
 
نارین نادیرۆڤا، بەشداربوویەکی کۆنفڕانسەکەیە و دەڵێت: "کێشەی تواندنەوە، کێشەی زمان و کولتوورە. بەو جۆرەش، هاتینە کۆتایی بەشی یەکەمی کۆنفڕانسەکە. دوو سێ بەشی دیکەش بەردەوام دەبن. بەشێوەیەکی گشتی باس لەو کێشانە دەکەین کە رووبەڕووی کوردانی قەوقاس یاخود سۆڤیەتی پێشوو دەبنەوە. ئێستا گەیشتووینەتەوە ئەوەی دەتوانین چی بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لێرە رووبەڕوومان دەبنەوە." 
 
کۆنفڕانسی کوردانی قەوقاس دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. بڕیارە لە پانێلەکانی داهاتوودا تاوتوێی چارەسەر بۆ کێشەکان و رەهەندە نەتەوەییەکان بکرێت.