پڕۆژەیەکی 100 ملیار دۆلاریی نیشتەجێبوون لە مالیزیا شکست دەهێنێت
رووداو- هەولێر
پڕۆژەی 100 ملیار دۆلاریی نیشتەجێبوون و بازرگانیی "فۆرێست سیتی" لە شاری جێلان پاتا لە باشووری مالیزیا کە بڕیاربوو تاوەکو ساڵی 2035، 700 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێ بن، ئێستا چۆڵە و شکستی هێنا.
سامویل تان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی خانووبەرەی کەی جی ڤی ئینتەرنەشناڵ دەڵێت: "کەس بە دروستی نازانێت ئێستا چەند کەس لەم پڕۆژەیەدا نیشتەجێن، بەڵام مەزەندە دەکەین نزیکەی دوو هەزار کەس تێیدا بژین. لە راستیدا زۆربەیان کرێکار و کارمەندی کۆمپانیای بەڵێندەرن".
پڕۆژەی "فۆرێست سیتی" لە لایەن کۆمپانیای کەنتری گاردن، گەورەترین کۆمپانیای بیناسازیی چین دروستکراوە.
ئامانجی کۆمپانیاکە ئەوە بوو کە ئەو شوێنە بکاتە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی، بەڵام بەهۆی گۆڕینی سیاسەتی حکومەتی چین و رێگریکردن لە دەرچوونی سەرمایە بۆ دەرەوە، نەیتوانی وەبەرهێنەری بیانی بەلای خۆیدا راکێشێت.
تان ڤی تیام، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیای راوێژکاریی خانووبەرەی کەی جی ڤی ئینتەرنەشناڵ گوتی: "فۆرێست سیتی دوو کێشەی گەورەی هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە پڕکردنەوەی زۆر کەمە. دووەمیشیان ئەوەیە کە چالاکیی بازرگانی تێدا نییە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ژیانی تێدانەبێت."
پڕۆژەکە دەیان هۆتێل و مۆڵی گەورە و قوتابخانەی نێودەوڵەتی لەخۆگرتووە، بەڵام ئێستا بوونەتە کۆگە و هەندێ کۆمپانیا کەڵکیان لێوەردەگرن.
پڕۆژەی فۆرێست سیتی لەسەر رووبەری 30 کیلۆمەتری دووجا لە ساڵی 2006 دەست بە دروستکردنی کرا و لە ساڵی 2016 وەکو بەشێک لە پڕۆژەی گەورەی "یەک رێگە و یەک پشتێنە"ـی چین کرایەوە.