توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.
 
لێکۆڵینەوەی زاناکان لە گۆڤاری زانستەکانی ئەکادیمیای نیشتمانی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت: "لەگەڵ توانەوەی بەستەڵەکە جەمسەرییەکان، ئاو بەرەو کەمەری زەوی هەڵدەکشێت، هەڵئاوسانێک لەو شوێنانە دروست دەبێت."
 
زانایان دەڵێن: "زیادبوونی چەند میلی چرکەیەک بۆ 24 کاژێری رۆژ و شەو لەوانەیە بەرچاو هێندە گەورە نەبێت، بەڵام دەرەنجامەکانی هێندە گەورەن، کاریگەری بەسەر تەواوی خشتەی کاتی جووڵەی ئاسمانی دەبێت. هاوکات کاتە نێودەوڵەتییەکانیش کە جیهان پشتیان پێدەبەستێت وەکو UTC و GMT، دەبێت بەردەوام بە چرکە بیخەنە سەر کاتەکانیان تاوەکو خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنن.
 
بەگوێرەی بەدواوداچوونەکانیان، ئەو گۆڕانکارییەی لە کاتی رۆژ روودەدات، زۆر خێراترە لەوەی لە سەدەی بیستەم هەبوو.
 
زانایان ئەمە دەبەستنەوە بە گۆڕانی کەشوهەوا، دەڵێن: "ئەگەر گازە زیانبەخشەکان بەمشێوەیە دەربدرێن، رۆژ لە درێژبوونەوە بەردەوام دەبن و لە کۆتایی سەدەی 21 دەگاتە 2.62 میلی چرکە. بە واتایێکی دی، لە هەر سەدەیەکدا زیاتر لە دوو میلی چرکە رۆژ درێژتر دەبێتەوە."
 
لێکۆڵینەوەکە ئەوە دەخاتەڕوو: "لەم دۆزینەوانە بۆمان دەردەکەوێت گۆڕانی کەشوهەوا چەندە کاریگەری بەسەر هەسارەی زەوییەوە هەیە."
 
ئەم لێکۆڵینەوەیە تەواوکاری توێژینەوەیەکە لە مانگی ئادار لە گۆڤاری 'نەیچەر'ی بەریتانی بڵاوکرایەوە کە لە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بەسەر کاتی زەوی دەکۆڵێتەوە.
 
لەو توێژینەوەیە دا دەرکەوت، تاوەکو توانەوەی بەستەڵەکەکان خێراتر بێت، درێژبوونەوەی رۆژیش خێراتر دەبێت.
 
پرۆفیسۆر دەنکان ئاگنو، سەرنووسەری لێکۆڵینەوەی 'نەیچەر'  لە پەیمانگەی زەریاناسی سکریپس بە نموونەیەک باشتر روونی دەکاتەوە کە بۆچی زیادبوونی ئاو لە کەمەری زەوی دەبێتە هۆی خێراتربوونی سوڕانەوەی زەوی.
 
دەنکان دەڵێت ئەمە رێک وەکو یاری خلیسکانێی سەر سەهۆڵ وایە، "کە یاریزان دەستەکانی دەکاتەوە، هێواش دەخولێتەوە، کە بە هەردوو دەستەکانی کەمەری دەگرێت، خولانەوەی خێرا دەبێت."