ئەو کەسەی لە جەزائیر 28 ساڵ دراوسێکەی شاردەوە، چۆن ئاشکرا بوو؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

هاووڵاتییەکى جەزائیرى بۆ ماوەى 28 ساڵ لەلایەن دراوسێیەکیەوە لە کەسوکارەکەى دەشاردرێتەوە و لە شوێنى بەخێوکردنى مەڕوماڵات دەیهێڵێتەوە. 
 
عومەر عومران، لەدایکبووی 1980یە؛ لە ساڵى 1996 لە ویلایەتى جلفەى باشوورى جەزائیر دیار نەماوە. ئەو کات تەمەنى 16 ساڵان بووە.
 
سەرەداوى ئاشکرابوونى شوێنى عومەر لە 12ى ئایارى2024 دەرکەوتووە، کاتێک برایەکى سکاڵاى دژى کەسێکى نەناسراو تۆمارکردووە بەتۆمەتى ناوزڕاندن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەوەى گوایە برا ونبووەکەى لە ماڵى دراوسێیەکى شاردراوەتەوە.
 
لەدواى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و چوون بۆ ئەو ماڵە، عومەر عومران لە ناو چاڵێکى شوێنى بەخێوکردنى مەڕوماڵاتەکە دۆزراوەتەوە، لەکاتى دۆزینەوەى تواناى قسەکردنى نەبووە. 
 
خاوەنى ئەو خانووەى کە عومەرى تێدا دۆزراوەتەوە، تەمەنى 61 ساڵانەو و بە فەرمانى دادوەر دەستگیرکراوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنى دادوەرى لە هەرێمى جلفە، داواکارى گشتى ئەو هەرێمە، عومەرى سپاردووە بە ناوەندە تەندوستى و دەروونیەکان بۆ چاودێریکردنی.
 
عومەر عومران لە گەرمەى شەڕى ناوخۆى جەزائیر لە 1996 ون بووە، دیمەنى کاتى دۆزینەوەى لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى جەزائیر کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە.