گرووپێکی هاککەر: ترەمپ 42 ملیۆن دۆلارمان پێنەدات ئابڕووی دەبەین
رووداو - هەولێر
گرووپێکی هاککەر دەڵێ "بەڵگەی ئابڕووبەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان دەستکەوتووە" و هەڕەشەی ئەوەش دەکەن کە ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا 42 ملیۆن دۆلاریان پێنەدات ئابڕووی ترەمپ دەبەن.
ئەو گرووپە بە ئاڕ ئیڤڵ ناوی دەرکردووە، تاوەکو ئێستا بە قەبارەی 756 گێگابایت بەڵگەی نهێنیی هەریەک لە لەیدی گاگا، مادۆنا و چەند گۆرانیبێژێکی دیکەی ئافرەتیان دەستکەوتووە و پارەیان پێ پەیداکردووە.
پێشتر هەفتەیەک کاتیان دابووە ترەمپ بۆئەوەی 21 ملیۆن دۆلار بدات، ئیدارەی ئەمریکا بێ منەتیی نیشاندا و پارەکەی پێنەدان، هەربۆیە ئەوانیش یەک هەفتەی دیکەیان درێژکردەوە و پارەکەشیان دوو هێندە کرد، ئێستا داوای 42 ملیۆن دۆلار دەکەن.
گرووپە هاککەرەکە هەڕەشەیەکی شەش پەڕەییان بڵاوکردووەتەوە، تێیدا نووسیویانە "ئامانجی داهاتوومان ئابڕوبردنی دۆناڵد ترەمپە".
گرووپەکە دەڵێت "خۆتان دەزانن رکابەری هەڵبژاردنەکان لە ئەمریکا گەرمە و بەڵگەی ئابڕووبەرمان لەسەر دۆناڵد ترەمپ دەستکەوتووە، ئەگەر دەتەوێت وەکو سەرۆک بمێنیتەوە، پارەمان بۆ بنێرە، پارە نەنێریت لەوانەیە بۆ هەمیشە دەستبەرداری ئەو خەونەت ببیت".
گرووپەکە رووی دەمی دەکاتە لایەنگرانی ترەمپ و پێیان دەڵێ "دواتر بەڵگەکان دەبینن و ئەوکات ناتانەوێ ترەمپ وەکو سەرۆکتان بمێنێتەوە".