بەریتانیا دەبێتە یەکەم وڵاتی ئەوروپی رێگە بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی خودشۆفێری بدات

رووداو دیجیتاڵ

بەریتانیا دەبێتە یەکەمین وڵاتی ئەوروپی رێگە بە ئۆتۆمبێلی "خودشۆفێری" بدات، بەڵام ئەوەش سنووردارکردنی هەیە و دەبێت شۆفێرەکە چاوی لەسەر رێگاکە بێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا لە دوایین هەوڵیدا تەکنەلۆژیای ناونراو بە "hands off eyes on - دەستلادان و چاو کردنەوە "ـی پەسند کرد. واتە پێویست بە بەکارهێنانی دەست لە کاتی شۆفێریدا ناکات، بەڵام دەبێت چاوت کراوە بێت و تەماشای رێگا بکەیت. بۆ ئێستاش حکومەت ژمارەیەک رێگەی دیاریکردووە کە رێگەدەدرێت شۆفێران بە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە، پێیدا بڕۆن. 
 
بۆ قۆناخی سەرەتا ئۆتۆمبێلی فۆرد گڵۆپی سەوزی حکومەتی بەریتانیای بۆ هەڵکراوە. ئێستا خاوەنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە دەتوانن بەبێ دەستگرتن بە سووکانی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە بچنە سەر کار یان گەشت بکەن. 
 
تەکنەلۆژیاکە دەتوانێت کۆنترۆڵی لادانی سووکان، زیادکردن و کەمکردنەوەی خێرایی بکات، بەڵام کامێرایەک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا لە بەرامبەر چاوەکانی شۆفێر جێگیردەکرێت بۆ ئەوەی شۆفێر بە ئاگا بهێڵێتەوە.
 
ئەم تەکنەلۆژیایە، ئێستا تەنیا لە ئۆتۆمبێلی فۆردی مۆدێل 2023ـی جۆری مۆستانگ Mach-E SUV بەردەست دەبێت. 
 
ئۆتۆمبێلەکە دەتوانێت مەودایەکی سەلامەت لەنێوان خۆی و ئۆتۆمبێلی پێش و دواوەی بهێڵێتەوە و لەکاتی پێویستدا بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ستۆپ دەکات. 
 
تاچام، کە کۆمپانیایەکی توێژینەوەی بواری ئامێری ئۆتۆماتیکە، دەڵێت گرنگە ئەوە لەبەر چاو بگیرێت کە "ئەمە ئۆتۆمبێلی خۆبەڕێوەبەر نییە، بەڵکو پەرەپێدانێکی دیکەیە لە تەکنەلۆژیای یاریدەدەری شۆفێری". 
 
تۆم لێجیت، تایبەتمەندی تەکنەلۆژیای ئۆتۆمبێل لە تاچام دەڵێت، ئەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە "بۆ یەکەمجار لە مێژوودا رێگە بە شۆفێران دەدرێت دەست لە سووکانی ئۆتۆمبێلەکانیان بەردەن، بەڵام دەبێت چاویان لەسەر رێگاکە بێت". باس لەوەش دەکات کە رێگە بە شۆفێر نادرێت مۆبایل بەکاربهێنێت یان هەر شتێکی دیکە بکات، کە سەرنجی لەسەر رێگە لابدات. 
 
نرخی ئۆتۆمبێلێکی فۆردی مۆستانگ کە رێگەپێدراوە تەکنەلۆژیاکە بەکاربهێنێت 63,146 دۆلارە. تەکنەلۆژیاکە بۆ ماوەی 90 رۆژ بێ بەرامبەر دەبێت. بەڵام دوای ئەوە دەبێت شۆفێران بەشێوەیەکی مانگانە هاوبەشییان لەگەڵ کۆمپانیاکە نوێبکەنەوە. 
 
ئەم تەکنەلۆژیایەی فۆرد لە کەنەدا و ئەمریکا لە ساڵی 2021ـەوە کاری پێدەکرێت. کۆمپانیاکە دەڵێت لە دوو ساڵی رابردوودا سەروو 190 هەزار ئۆتۆمبێلی فۆرد 60 ملیۆن میلیان بە بەکارهێنانی ئەو جۆرە تەکنەلۆژیایە بڕیوە "بەبێ ئەوەی هیچ رووداوێکی هاتووچۆ تۆمار بکەن".