رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەرپرسانی باڵای بەرگری و ئەمنیی جیهان لە شاری میونشنی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاسایشی جیهان، کۆنفرانسێک کە بە پێداچوونەوەیەکی ساڵانە بۆ ئەو سیستمە نێودەوڵەتییە دادەنرێت کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دروستبووە.
ئەوەی لەسەر زاری ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە دەبێت، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و قسە مشتومڕهێنەکانی ئەم دواییەی دەبن کە وایکردووە هاوپەیمانەکانی واشنتن گومان لە پابەندبوونی ئەمریکا بە رێکخراوی ناتۆوە بکەن. جەنگەکانی غەززە و ئۆکراینا و قەیرانی دەریای سووریش لە ریزی سەرەوەی کارنامەی کۆنفرانسەکەن.
ئەم بۆنە ساڵانەیە. بۆ ئەم ساڵ، ئەمڕۆ هەینی، 16ـی شوبات دەستپێدەکات و تا یەکشەممە، 18ی مانگ بەردەوام دەبێت.
کۆنفرانسەکە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەیکرد ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، ئەوا بە هانایانەوە ناچێت و بەرگرییان لێ ناکات.
رۆژئاواییەکان هەروەها نیگەرانی ئەوەن کە ئایا ئەمریکا دەتوانێت بەردەوامبێت لە دابینکردنی ملیاران دۆلار بۆ ئۆکراینا یان نا. ئەمریکاش خۆی نیگەرانیی ئەوەیە کە تاوەکو دێت بەهۆی پشتیوانیکردنی لە جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، واشنتن زیاتر گۆشەگیر و پەراوێز دەخرێت.
سەرئێشەکە بۆ ئەمریکا هەر ئەوە نییە؛ کامالا هاریس، جێگری سەرۆک و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە یاوەریی ئەلێخاندرۆ مایۆرکاس، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەیان دەچنە کۆنفرانسەکە، لە کاتێکدا مایۆرکاس لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لەسەر واڵاکردنی سنووری وڵاتەکەی بە رووی کۆچبەراندا، لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا و سەرکۆنە کرا.
دۆخی ناخۆش و بێزارکەری غەززە و ئۆکراینا لەگەڵ قسە گۆمشڵەقێنەکانی ترەمپ، ئاماژەی ئەوەیان لێ بەدیدەکرێت کە باسوخواسی کۆنفرانسەکە لەژێر تارمایی مێژووی سەدەی رابردووی میونشندا بێت (واتە بابەتەکانی سەرکوتکردن، دژە سامێتی و ململانێ)، لە بری ئەوەی گەشبینیێکی بۆ داهاتوو لێ بەدیبکرێت.
پایتەختەکەی باڤاریا بە زۆر شتی باش بەناوبانگە، بەڵام پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆخی لەرزۆکی سیاسیی ئەمریکا، هەموویان پێکەوە وایانکردووە سێ یادگاریی تاڵ بێنەوە یاد: مێژووی میونشن، وەک شوێنی لەدایکبوونی پارتی نازی لە بیستەکانی سەدەی رابردوو، مەرایی ئەوروپییەکان لە دەیەی دواتر بۆ ئەدۆڵف هیتلەر و کوشتنی بەکۆمەڵی یاریزانە ئیسرائیلییەکان لە یارییە ئۆڵۆمپییەکانی میونشن لە ساڵی 1972.
وێڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئامادەبووانی وەک هاریس و بلینکن ستایشی رۆڵی سەرکردایەتیی ئەمریکا بکەن، کۆنفرانسەکە گوێبیستی زۆر پرسیار دەبێت لە بارەی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییە بێوێنەیانەی کە هاتوونەتە پێش یاسا و رێسا جیهانییەکان کە لە 60 ساڵی رابردوودا، ئەمریکا خۆی بە پاڵەوان و قەڵخانی بەگریکردن لێیان داناوە.
لە سەرووی هەموویشیانەوە، ئەو ترسە دێت کە ترەمپ دروستیکردووە، بەوەی ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، ئەوا پێویستە دڵیان بە پشتیوانیی ئەمریکا خۆش نەبێت. لە کاتێکدا بەرگریی بەکۆمەڵ، بەردی بناغەی هاوپەیمانییەکەیە، هاوپەیمانیێک کە لە دوای هێرشی ساڵی 2022ی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، گرنگییەکەی بۆ خاوەنەکانی زیادکردووە.
ناردنی پارەی زیاتر بۆ ئۆکراینا، لە کۆنگرێس چەقی بەستووە، چونکە کۆمارییەکان پشتی ترەمپ دەگرن کە دژی ناردنی یارمەتیی سەربازییە بۆ ئۆکراینا.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا قسەکانی ترەمپی لەبارەی ناتۆ بە "مەترسیدار" و "نائەمریکی" ناوبردووە و رەخنەی لێ گرت بەوەی کە ئەو قسانە نەوت بە ئاگری گومان و بێمتمانەیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکادا دەکەن.
کۆشکی سپی رۆژی چوارشەممە گوتی، هاریس لە میونشن گفتوگۆکانی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی جەخت بکاتەوە کە ئیدارەی بایدن بە شێوەیەکی پۆڵایین پابەندە بە ناتۆوە، پێچەوانەی ترەمپی بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ی ئەمریکا.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، هاوپەیمانییەکە لەم کاتەدا "بەهێزتر و گرنگترە لە 75 ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی کە فینلاند چووە نێوی و سوێدیش نزیکە لەوەی ببێتە ئەندام."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەو کاتەوەی بایدن کورسیی سەرۆکایەتیی گرتووەتە دەست، ژمارەی ئەو هاوپەیمانانەی کە پابەندبوونی خۆیان بە تەرخانکردنی 2٪ـی کۆی داهاتی گشتیی ناوخۆی وڵاتەکانیان بۆ ناتۆ دەربڕیوە، لە 9 وڵاتەوە زیادبووە بۆ 18.
بە گوتەی جەیمس ئۆبرایەن، دیپلۆماتی ئەمریکا لە ئەوروپا، بلینکنیش لە میونشن هەمان پەیام بە هاوپەیمانەکانی دەدات.
ئۆبرایەن بە رۆژنامەڤانانی گوت کە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا، چ دیموکرات بووبن یان کۆماری، "ناتۆیان بە بناخەی ئاسایشی ئێمە داناوە."
بەڵام سەرکردە ئەوروپییەکان و بەرپرسانی ناتۆش لە دڵەڕاوکێدان.
ئۆلافۆ شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر قسەکانی ترەمپ و گوتی "هەر لێدانێک لە گەرەنتیی پشتیوانیی ناتۆ، شتێکی نابەرپرسانە و مەترسیدارە و تەنیا لە بەرژەوەندیی رووسیادایە،" شۆڵتز گوتیشی "کەس ناتوانێت یاری بە ئاسایشی ئەوروپاوە بکات یان بازرگانیی پێوە بکات."
هەروەها یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی، قسەکانی ترەمپ گومان دەخەنە سەر پابەندبوونی هاوپەیمانییەکە بە ماددەی پێنجەمی پەیماننامەکەی کە دەڵێت، هێرش بۆ سەر یەک ئەندام، هێرشە بۆ سەر هەموو ئەندامەکان و پێویستە هەموویان پێکەوە وەڵامی بدەنەوە.
ستۆڵتنبێرگ گوتی: "هەر گومانێک بەوەی ئێمە پشتیوانی لە یەکدی ناکەین و یەکدی ناپارێزین، ئاسایشی هەموومان دەخاتە مەترسییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ