لە کەناراوەکانی لیبیا کەشتییەک نوقم بوو و 11 کۆچبەر خنکان

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشتییەکی کۆچبەران، کە لە لیبیاوە بۆ ئەوروپا بەڕێکەوتبوو لە کەناراوەکانی لیبیا نوقم بوو، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 11 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 63 کۆچبەر بێسەروشوێن بوون.
 
رۆژی چوارشەممە 15ی شووباتی 2023 نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، نوێترین رووداوی تراژیدیای کۆچبەران ئەمڕۆ بوو، کەشتییەکی کۆچبەران کە لە قەسر ئەخیاری شاری تەرابلوسی لیبیاوە بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتبوو، لە کەناراوەکانی لیبیا نوقم بوو.
 
دەگوترێت کەشتییەکە زیاتر لە 80 کۆچبەری تێدا بووە. تیمەکانی فریاکەوتنی لیبیا تائێستا تەنیا 11 تەرمیان دۆزیوەتەوە. حەوت کەسیش لەوانەی کە رزگاریان بووە، گەڕانەوە خاکی لیبیا و ئێستا لە نەخۆشخانەن؛ 63 کۆچبەریش تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
 
تائێستا حکومەتی لیبیا هیچ زانیارییەکی لەبارەی نوقمبوونی کەشتییەکە بڵاونەکردووەتەوە.
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەم رووداوە لە ئەمساڵدا ژمارەی گیانلەدەستدانی لەو رێگەیەدا گەیاندە 130 کەس.
 
بەگوێرەی رێکخراوەکە، لە ساڵی 2022دا هەزار و 450 کۆچبەر لەو رێگەدا گیانیان لەدەستداوە، لە ساڵی 2014وە تائێستاش 17 هەزار کەیسی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوون تۆمار کراوە.