رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا چالاکڤانێک و رۆژنامەڤانێک بەهۆی ئەوەی قسەکانیان بڕی، لەلایەن ستافی ئەمنیی وەزارەتەکەوە دەرکران.
کاژێر 19:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، بە ئامادەبوونی نزیکەی 50 رۆژنامەڤانی ئاژانس و میدیا جیهانییەکان و ژمارەیەک چالاکڤان، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوایین گوتاری خۆی لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشکێش کرد. دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو تێیدا بەشدار بوو.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، بلینکن هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە سەردەمی ئیدارەی بایدن دەکرد. بەڵام بەر لەوەی کۆتایی بە گوتارەکەی بهێنێت و بڕگەی پرسیار و وەڵام دەست پێبکات، چالاکڤانێک و رۆژنامەڤانێک قسەکانیان بۆ چەندینجار بڕی. ستافی ئەمنیی وەزارەتەکە بەهۆی ئەوەی پرۆتۆکۆلی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیان پێشێلکرد، یاوەرییان کرد بۆ دەرەوەی هۆڵەکە.
لەکاتی یاوەریکردنیشیان بۆ دەرەوەی هۆڵەکە، بە دەنگی بەرز درووشمی پشتیوانییان بۆ غەززە دووبارە کردەوە و رەخنەیان لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن و چالاکییەکانی بلینکن گرت.
تۆڕی میدیایی رووداو، زانیاری لەبارەی ناسنامەی هەردوو کەسەکە دەستکەوتووە. یەکێکیان ناوی ماکس بلومێنتاڵ-ە چالاکڤان و ئێدیتۆری ئاژانسی زە گرەیزۆن نیوز The Gray Zone Newsـە. ئەوەی دیکەشیان سام حوسەینی، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی دژی جینۆساید و چەکی کۆمەڵکوژە.
چەند جارێک حوسەینی لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی و رێوڕەسمی جیاجیادا هەمان هەڵوێستیان دەربڕیووە و پرۆتۆکۆلەکانیان پێشێل کردووە. حوسەینی ساڵی 2018 لە هێلینسکی، لە لووتکەی ترەمپ و پووتین درووشمی لە دژی چەکی ئەتۆم بەرزکردەوە و لەلایەن ستافی هۆڵەکەوە کرایە دەرەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ئەمریکا بازنەیەکی فراوان بە ئازادی رۆژنامەگەری دەدرێت و رۆژنامەڤان و میدیاکاران بەپێی رێکارە فەرمییەکان رەخنەی تووند ئاراستەی بەرپرسە باڵاکان دەکەن.
لەم دوو هەفتەی رابردوودا، ئانتۆنی بلینکن دووجار رووبەڕووی هەمان هەڵوێست بووەوە لەلایەن چالاکڤانان و خۆپیشاندەران و قسەکانیان پێ بڕی. جاری یەکەم لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەتلانتیک و جاری دووەمیش لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا بوو. لە پاڵ ئەمەشدا لە ماوەی 15 مانگی رابردوودا بەهۆی رووداوەکانی کەرتی غەززە، قسەکانیان پێ دەبڕی و بە هاوبەشی کوشتنی خەڵکی سڤیل تۆمەتباریان دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ