وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەستی لەکار کێشایەوە
رووداو - ئەڵمانیا
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەستی لەکار کێشایەوە و داوا لە راوێژکاری وڵاتەکەی دەکات، "رێگەی بدات" بە دەستبەرداربوون لە پۆستەکەی.
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیادا هاتووە، کرستینە لامبرێشت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا "داوای لە ئۆلاف شۆڵز، راوێژکار[ی ئەڵمانیا] کردووە رێگەی بدات بۆ دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی."
یەکێک لەو رەخنانەی لە کابینەی ئۆلاف شۆڵز دەگیرا، وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری بووە لەلایەن خانمێک کە هیچ ئەزموونی لەنێو سیاسەتی بەرگری و سوپادا نەبووە.
بەهۆی بێ ئەزموونییەکەشیەوە، کرستینە لامبرێشت کۆمەڵێک هەڵەی کرد، تاوەکو لەژێر گوشاری رای گشتیدا ناچار بوو دەست لە پۆستەکەی هەڵگرێت.