لە بەرنامەکەدا شەش کوردی خاوەن ئەزموون و شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا میوان بوون، پێکهاتبوون لە کانی غوڵام، لێکۆڵینڤان؛ فەوزیە عەزیز، دانیشتووی ئەمریکا؛ سامی ساڵەیی، خاوەنکار؛ هونەر زێباری، گەنجێکی لێهاتوو و چاودێری سیاسی؛ یوسف ئازاد لە ئینستیتیوتی کوردی لە ئەمریکا و دلێر رەشید لە ناوەندی ئەمریکی - کوردی.
خاتوو فەوزیە عەزیز کە لە ساڵی 1977ـەوە لە ئەمریکا دەژی و چاودێرێکی لێهاتووە، سەرەتای قسەکانی بە ئەمریکای سەردەمی نوێی ترەمپ دەستپێکرد و گوتی، هەم گەشبینە و هەمیش رەشبینە بە سیاسەتی چوار ساڵی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ.
فەوزیە گەشبینییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ترەمپ بە جدیی کار بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکا دەکات، کە ئەمە بۆ ئەمریکییەکان زۆر گرنگە و داخوازیی سەرەکییانە، دیاسپۆرای کوردیش بەشێک دەبێت لەو سوودە، رەشبینییەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو بەڵێنەی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان دابووی سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردنی بەرامبەر کۆچبەران.
ئەو خاتوونە هیوای خواست سیاسەتی ئەمجارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر کورد و دۆزەکەی لە پێشووتر باشتر بێت، بتوانێت پەیوەندییەکی باش و سوودی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروست بکات.
هەروەها روونیکردەوە، لە دوای ترەمپ هەموو شت نرخی گران بوو، خەڵک دۆخی ئابوورییان بەگشتی خراپ بووە، تەنانەت خانەوادەی کورد هەبووە "نەیتوانیوە لە شەش مانگدا جارێک گۆشت بکڕێت. چوار ساڵی زەحمەتمان بەڕێکرد و هیوام وایە لە چوار ساڵی ئاییندەدا دۆخەکە باشتر بێت."
سامی ساڵەیی کەسێکی خاوەنکار و ناسراوە لەنێو دیاسپۆرای کوردی ئەمریکا، لەبارەی دەرچوونەوەی ترەمپ و سیاسەتەکانی لە ناوەوەو دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئەزموونی دۆناڵد ترەمپیان وەکو سەرۆکی ئەمریکا بینیوە و خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی هەیە، ئەرێنییەکەی باشترکردنی ئابووریی ئەمریکا بوو، بەڵام خاڵە لاوازەکانیشی ئەوە بوو، وەکو خاوەن کۆمپانیایەک هەڵسوکەوتی دەکرد و جاری وا هەبوو بە تویتێک گەورە بەرپرسێکی ئیدارەکەی دەناردەوە ماڵەوە."
"کورد لە ئەمریکا دابەشبوون"
لەبارەی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ کوردی ئەمریکا، ساڵەیی دەڵێت، "کورد لە ئەمریکا دابەشبوون، مەخابن نەمانتوانی ئامارێکی روون و تەواومان لەسەر ژمارەی خۆمان لە ئەمریکا هەبێت، بچینە لای بەربژێرەکان یان کەمپینەکانیان و پێیان بڵێین قەبارە و گەورەیی ئێمە بەو ئەندازەیە و داواکارییەکان بگەیێنین و بیانچەسپێنین."
لەسەر دۆخی ئابووریی ئەمریکا، ئەو خاوەنکارە گوتی، "مووچەی هەر مووچەخۆرێک نزیکەی 2% زیاد بووە، بەڵام لە بەرامبەردا نرخی هەر شتێک 30% زیادی کردووە، واتە هەڵاوسان هەبوو، دواتر دیموکراتەکان وا ناسراون کە باج زۆر دەخەنە سەر خەڵک، بۆیە خەڵک وەکو جاران دۆخی ئابوورییان باش نییە و پارە کەم بووەتەوە."
کانی غوڵامی، لێکۆڵینڤان لەبارەی چۆنێتی چوار ساڵی داهاتووی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کوردی دانیشتووی ئەمریکا پێیوایە، "کورد لە ئەمریکا نەیتوانیوە بچێتە نێو سیاسەتی ئەو وڵاتە، بۆ نموونە وەکو جووەکان، یۆنانییەکان و... هتد. بۆیە کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتەوە نییە."
"نەوەی کۆنی کوردی ئەمریکا لەگەڵ کۆمارییەکان و نەوەی نوێ لەگەڵ دیموکراتەکانن"
غوڵامی داوایکرد لەمەودوا گەنجی کورد بچێتە نێو سیاسەت و بتوانن بگەنە پۆستە باڵاکان و کاریگەری بەسەر سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا دروست بکەن، ئەو کات دەتوانن سوود بە دیاسپۆرای کوردی ئەمریکا بگەیێنن و سوود بە دۆزی کوردیش بگەیێنن.
بە بۆچوونی ئەو لێکۆڵینڤانە، "هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ پەیامێکە بۆ ئەو سەرکردانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە نایانەوێت یان ترسیان هەیە دەست لە کورسییەکانیان بەربدەن و دواتر نەتوانن بگەنەوە بە دەسەڵات، ترەمپ نموونەیەکی باشە بۆ ئەمە و پێویستە ئەوانیش هەمان کار دووبارە بکەنەوە، ئەگەر شکستیان هێنا."
یوسف ئازاد لە ئەنیستیتوتی کوردی لە ئەمریکا لەبارەی سەنگی دیاسپۆرای کوردی ئەمریکاوە گوتی، "دیاسپۆرای کوردی لە ئەمریکا کەسانی زیرەک و لێهاتووی تێدایە و شوێنپەنجەیان دیارە، بەڵام هەر نەمانتوانیوە بگەینە پۆستە باڵاکان و کاریگەری دروست بکەین. پێموایە سیاسەت و هەڵوێستی پارتە سیاسییە کوردستانییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان رێک رەنگدانەوەیان بەسەر تاکی کوردی دانیشتووی ئەمریکاوە هەیە."
زۆربەی نەوەی کۆنی کوردی ئەمریکا، بە گوتەی یوسف ئازاد، دەنگیان بۆ کۆمارییەکانە، بەڵام نەوەی نوێ بە پێچەوانەوە دەنگیان بۆ دیموکراتەکانە، هەندێکجاریش بەرژەوەندیی پارچەکان هۆکارە، بۆ نموونە کوردی خەڵکی رۆژهەڵات لە ئەمریکا حەزیان کرد ترەمپ سەربکەوێت، بەڵام خەڵکی هەندێک پارچەی دیکەی کوردستان حەزیان دەکرد کامالا هاریس سەربکەوێت.
یوسف ئازاد گەشبینیی خۆی دەربڕی بە بوونی نەوەیەکی نوێ و کاریگەر، بەتایبەت لە واشنتن دی سی و ڤێرجینیا، کە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە کەسانی کاریگەر.
هونەر سەلیم، گەنجێکی لێهاتووە و چاودێرێکی سیاسییە، لەبارەی نەوەی تازەی کورد لە ئەمریکاوە پێیوایە، گەنجی کورد دابەشی سەر دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانیان، بۆ نموونە کوردی باکووری کوردستان کە بەشێکی زۆریان بە قاچاخ لە رێگەی مەکسیکەوە هاتوونەتە وڵاتەکە نەیاندەویست ترەمپ دەربچێت، بۆئەوەی ئەو رێگەیە دانەخرێت، بەڵام گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیی ترەمپیان کرد بۆئەوەی زیاتر دژایەتیی ئێران بکات.
"یەکگرتن و یەکێتی باشترین چارەسەرە"
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت، "بەداخەوە گەنجی کورد لە ئەمریکا ناوەندێک یان رێکخراوێکیان نییە بۆئەوەی کۆیان بکاتەوە و کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دروست بکەن، بۆیە بوونی رێکخراوێک یان گرووپێک زۆر گرنگە. بە نموونە لە گشتپرسیی 2017 بە هەزاران گەنجی کورد لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکاوە هاتنە بەردەم کۆشکی سپی و داوای پشتیوانیی ئەمریکایان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرد، واتە هێشتا کوردایەتیی قووڵ لە ناخی گەنجانی کوردی ئەمریکا هەیە."
هونەر سەلیم باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل لە ساڵی 1964ەوە رێکخراوێکیان بۆ لۆبیکردنی ئیسرائیل لە ئەمریکا دامەزراندووە، زۆر سوودیان لێبینیوە، "بۆ نموونە لەم هەڵبژاردنەدا ئەم گرووپە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان خەرجکرد بۆئەوەی پشتیوانیی ئەو سیناتۆرانە بکەن کە پشتیوانیی ئیسرائیل دەکەن، هەروەها دژایەتیی ئەو سیناتۆرانە بکەن کە دژی ئیسرائیلن، بەڵام کورد لە ساڵی 2024 هیچ رێکخراو و گرووپ و ناوەندێكی لۆبیکردنی لە ئەمریکا نییە، کە ئەمە جێگەی داخە."
دلێر رەشید لە "ئەمریکا کوردیش سەنتەر" کە ساڵانیکی زۆرە لە ئەمریکا دەژی و چەندین سەرۆک و ئیدارەی ئەمریکای بینیوە، پێیوایە، کەمیی ژمارەی کورد لە ئەمریکا و هەوڵنەدانی کورد بۆ چوونە نێو سیاسەتی وڵاتەکە دوو هۆکارن بۆئەوەی دەنگی کورد کاریگەریی گەورەی نەبێت، زۆربەیان خەریکی کار و کەسابەتی خۆیانن؛ جگە لەوە، هیچ کوردێک نەیتوانیوە ببێتە بزنسمانێکی گەورە کە بتوانێت بە بزنسەکەی کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەبێت. ئەوەیشی نەشاردەوە، هۆکاری ئابووری و خراپبوونی گوزەرانی خەڵک لەڕووی ئابوورییەوە بوونە هۆی سەرکەوتنی ترەمپ.
لەبارەی کاریگەرکردنی دیاسپۆرای کوردی لە ئەمریکا، دلێر رەشید دەڵێت، "یەکگرتن و یەکێتی باشترین چارەسەرە، ئەمەش لە رێگەی دامەزراندنی رێکخراوێکی کوردی، کە بە شێوەیەک کار بکات کوردایەتی پێش حیزبایەتی بخات، هەروەها گرنگیدان بە خوێندن بە زمانی کوردی و بەهێزکردنی کولتوور و فەرهەنگی کوردی لێرە. هەروەها بەشداربین لە هەموو رێکخراوەکانیان، بەمەش کورد بەهێز دەبێت و خەڵک و لایەنەکان داوامان لێدەکەن بچینە ریزەکانیانەوە و کاریگەر دەبین، دەتوانین لەو رێگەیەوە لۆبی بۆ خۆمان و دۆزی نەتەوەکەمان بکەین، بۆیە تاوەکو کورد لێرە یەکگرتوو نەبێت، هیچ کاریگەرییەکمان نابێت."
یوسف ئازاد کە چەندین ساڵە لە پەیمانگەی کوردی لە ئەمریکا کار دەکات، لەبارەی چارەسەر بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد گوتی، "زۆر پێویستە هەموو حیزبە کوردستانییەکان بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە و بە حیزبەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان لە ئەمریکا کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ببەستن، بە بەشداریی هەموو کەسایەتی و رێکخراوەکانی کوردی لە ئەمریکا، بتوانن لێرە دامەزراوەیەکی کوردستانی دروست بکەن و دوور لە حیزبایەتی، بەڵکو هەموو فۆکەسیان لەسەر کوردایەتی بێت و لەو رێگەیەوە دەتوانن لۆبیی زۆر بۆ دۆزی کورد دروست بکەن، ئەو کات کاریگەریی دیاسپۆرای کوردی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەبێت."
سیاسەتی ترەمپ لەگەڵ کورد
سەبارەت بە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، یوسف ئازاد دەڵێت، "ئەزموونمان لەگەڵ سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر کورد لە 2016وە تاوەکو 2020 هەیە، سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر کورد لەو ماوەیەدا بە شێوەیەک خراپ بووە کە دۆزی کوردی 50 ساڵ بردووەتە دواوە، بۆ نموونە لە 16ی ئۆکتۆبەر نیوەی خاکی کوردستانمان لەدەستدا، ترەمپ رووی لە ئێمە وەرگێڕا، هەروەها عەفرین داگیرکرا کە بەقەد مەهاباد کوردستانییە، کەچی ترەمپ هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، هەروەها لە 2019 نیوەی سوپای ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی سووریا کشاندەوە و راستەوخۆ رووسەکان شوێنەکانیان پڕکردنەوە، هەرچەندە ترەمپ لە نیوەی رێگە پەشیمان بووەوە، بەڵام کارەکە لەدەست دەرچووبوو."
هونەر سەلیم وەکو چاودێرێکی سیاسی لە ئەمریکا لەبارەی یەکگرتوویی کورد لەو وڵاتە دەڵێت، "کورد هەرگیز یەکنەبووە و قەتیش نابنە یەک، هەرچەند زۆر حەز دەکەم یەکگرتووبن، بەڵام نابن." پێشنیازیش دەکات، بۆردێک لە ئەمریکا دروست بکرێت نوێنەر و کەسایەتیی هەموو پارچەکانی کوردستانی تێدابن، لەنێو بەشداربووانیش نوێنەری تەواوی حیزبە کوردستانییەکانیش هەبن، ئەوکات دەتوانرێت کاریگەریی کوردی ئەمریکا ببیندرێت.
لەبارەی پاراستنی زمانی کوردی لەنێو دیاسپۆرای کوردی ئەمریکا، خاتوو فەوزییە دەڵێت، "ئێستا تێکەڵاوی و دروستکردنی خێزان لەنێوان کورد و ئەمریکییەکان هەیە و پێویستە خێزانە کوردەکان هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە بکەن، پێویستە دایکان بە کوردی قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، چونکە گرنگترین شت بۆ مرۆڤ زمانەکەیەتی."
هەر لەوبارەیەوە دلێر رەشید دەڵێت، "زمان زۆر زۆر گرنگە و لە ئەمریکاش زۆر گرنگی بە زمانی دایک دەدات، بۆ نموونە ئەگەر منداڵێکی عەرەب لێرە بخوێنێت، ئەوا نمرەی زمانی عەرەبیی بۆ ئەژمار دەکرێت."
دلێر زیاتر لەوبارەیەوە دوا و گوتی، "زۆر هەوڵمان دا زمانی کوردی لە خوێندنگەکان بۆ منداڵانی کورد بچەسپێنین و بخوێنن، بەڵام بەهۆی کەمیی ژمارەی کوردەوە نەمانتوانی جێبەجێی بکەین، دواتر بە هەوڵی دوو خوشکی کورد توانیمان خوێندنگەیەکی زمانی کوردی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بکەیەنەوە بۆ منداڵانی کورد، ئەوانەی لێرە لەدایکبوون. ئەوان بە باشی فێری زمانی کوردی بوون و زۆربەیان بڕوانامەی ماستەریان بەدەستهێناوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پارەوە دوای پێنج ساڵ خوێندنگەکە داخرا."
لەسەر ژمارەی کورد لە ئەمریکا ساڵەیی ئەوەی خستەڕوو، "هیچ ئامارێکی فەرمی نییە بڵێت ژمارەی کورد لە ئەمریکا ئەوەندەیە، راستە باسی 70 هەزار کەس دەکرێت، بەڵام ئەمانە یان بە عێراقی، یان ئێرانی، یان سووری، یان تورکی ناونووس کراون."
سەبارەت بە دروستکردنی رێکخراوێک یان فۆرمێک بۆ لۆبیکردنی دۆزی کوردیش لە ئەمریکا، پێیوایە بە کۆمەڵگە دروست نابێت و پێویستی بە پشتگیریی داراییە، ئەمەش لە رێگەی حکومەت یان پارتە کوردییەکانەوە دەکرێت.